200 هەزار ئاوارەی شنگال ناگەڕێنەوە شارەکەیان

مەرجییان هەیە بۆ گەڕانەوە

K24- هه‌ولێر:

دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ بەسەر رزگاركردنەوەی شنگال، تاكو ئێستا زیاتر لە 200 ھەزار كەس لەخەڵكی ئەو ناوچەیە لە ئاوارەییدان و زۆربەیان ئێزیدین.

ھەرچەندە سێ ساڵە شنگال رزگاركراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێكی رێكخراوی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی ئێن ئار سی، تاكو ئێستا زیاتر لە 200 ھەزار كەس لەخەڵكی ئەو ناوچەیە لە ئاوارەییدان.

بۆ گەڕانەوەیان، خەڵکی شنگال داوادەكەن، ناوچەكەیان ئاوەدان بكرێتەوە، تاكو بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

پێشتریش، سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تايبه‌ت به‌ كوردستان24ی راگه‌ياندوو: "شنگال ھی شنگالییەكانە و خۆیان بڕیار لەسەر داھاتووی خۆیان دەدەن و ھەڵوێستی خەڵكی كوردستان و حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش لەبیر ناكەن كە چۆن لە كاتی لێقەومان دەستی ھاوكاریان بۆ درێژكردن".

لە ئێستادا لەلایەن پەکەکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی رێگری لە گەڕانەوەی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی شارەکە دەکرێت، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆری ئێزیدییەکان نەگڕێنەوە شارەکەیان و ئەو شارە تەرخانبکرێت بۆ لایەنگرانی چەند گروپێکی دیاریکراو.

‌H.J