ریال مه‌درید سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی به‌سه‌ر بارسێلۆنا دووباره كرده‌وه و بووه پاڵه‌وانی سووپه‌ری ئیسپانیا
له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا، یانه‌ی ریال مه‌درید سیناریۆی سه‌ركه‌وتنی یاری چوونی به‌سه‌ر یانه‌ی بارسێلۆنادا دووباره كرده‌وه و به فه‌رمی بووه پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا.
یانه‌ی ریال مه‌درید له نێو یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانه‌ی بارسێلۆنای كرد و یارییه‌كه‌شی به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام له بارسێلۆنا برده‌وه.
ماركۆ ئاسێنسیۆ، ئه‌ستێره دره‌وه‌شاوه‌كه‌ی ریال مه‌درید له خوله‌كی 4 به لێدانێكی مووشه‌كی له دووره‌وه تۆڕی بارسێلۆنای هه‌ژاند، به‌مه‌ش ئاسێنسیۆ له دوای 2011 بووه خاوه‌نی خێراترین گۆڵ له كلاسیكۆ، هه‌ڵبه‌ت گۆڵه‌كه‌ی ئاسێنسیۆ له دوای 1997ـه‌وه یه‌كه‌م یاریزانی ئیسپانیایه له دوای رائول گۆنزالێز كه له دوو یاری كلاسیكۆ له‌سه‌ریه‌ك گۆڵ ده‌كات.
دواتر له خوله‌كی 39 كه‌ریم بێنزیما تۆپێكی له نێو ناوچه‌ی سزای بارسا وه‌رگرت و به ئاسانی گۆڵی دووه‌می بۆ ریال مه‌درید زیاد كرد و ئه‌وه‌نده‌ی دیكه بارودۆخی یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ی وێران كرد، گۆڵه‌كه‌ی بێنزیما بووه گۆڵی ژماره 300 له مێژووی كلاسیكۆ.
یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به‌م ئه‌نجامه به‌سوودی یانه‌ی شایانه كۆتایی هات و ریال مه‌درید به فه‌رمی بووه پاڵه‌وانی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا.