كۆمسیۆن داوای پارە لە حكوومەت دەكات

"پێویستمان بە 20 ملیار دیناری دیكەیە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات، تەواوی ئەو بڕە پارەیەیان بۆ خەرج بكەن كە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن داوایان كردووە.

جوتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران بە كوردستان24 راگەیاند: "پێشتر داوای 30 ملیار دینارمان بۆ ئامادەكارییەكانی پرۆسەی ھەڵبژاردن كردبوو، تائێستا تەنھا 10 ملیار دینار خراوەتە سەر ھەژماری بانكی كۆمسیۆن و 20 ملیار دیناری دیكە ماوە، دەنگۆی ئەوە ھەیە كە ئەمڕۆ پارەكە خراوەتە سەر ھەژماری بانكی كۆمسیۆن، بەڵام پارەی كاش لە بانكەكان نییە تا ئێمە بتوانین كارەكانی خۆمانی پێ راپەڕێنین".

گوتیشی: "داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی ھەرێم دەكەین ھاوكاریمان بكەن بۆ ئەوەی بتوانین كارەكانمان بەڕێوەببەین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە 20 ملیار دیناری دیكەیە".

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەدەچێت و كۆمسیۆن زۆربەی ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە و لایەنەكانیش لە 11ی ئەمانگەوە بانگەشەیان دەستپێكردووە.

ھ.م