هه‌ڵمه‌تی بایكۆتكردنی ئه‌و مۆڵه‌ی "دڵی منداڵه هه‌تیوه‌كانی شكاند" فراوان ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی ئه‌وه‌ی" رێگا به چه‌ند منداڵێكی هه‌تیوو نه‌دراوه" بچنه ناو یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵگا بازرگانییه‌كانی شاری به‌غدا، هه‌ڵمه‌تی بایكۆتكردنی مۆڵه‌كه به‌فراوانی ده‌ستیپێكردووه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی هاووڵاتیان بۆ په‌یجی فه‌رمی مۆڵه‌كه له 4.5 ئه‌ستێره‌وه بۆ 1.6 دابه‌زیوه.
چالاكوانان له تۆڕه كۆمه‌ڵا‌یه‌تییه‌كانه‌وه گرته ڤیدیۆیه‌كیان بڵاوكرادووه‌ته‌وه‌و خۆبه‌خشه‌كانی تیمی "رحماء بينهم" بۆ هاوكاریكردنی هه‌ژاران به هاوڕێیه‌تی 15 منداڵی هه‌تیوو له به‌رده‌م مۆڵی مه‌نسوور له ناوه‌ڕاستی شاری به‌غدا له‌به‌ر خۆر راوه‌ستاوون و ده‌ڵێن: "به‌هۆكارێكی نادیار رێگه‌یان نه‌داوه منداڵه‌كان بچنه ناو مۆڵه‌كه‌وه‌و یاری بكه‌ن".
هه‌ڵمه‌ته‌كه دژی مۆڵی مه‌نسوور فراوان بووه‌و هاشتاگی (#مقاطع_مول_المنصور) له تویته‌ر زیاتر له 20 هه‌زار تویتی له‌سه‌ر كراوه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی په‌یجی فه‌رمی مۆڵه‌كه‌یش بۆ خوار دوو ئه‌ستێره دابه‌زیوه و ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا زیاتر له 20 هه‌زار كه‌س به 1 ئه‌ستێره هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ كردووه.
به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی مۆڵی مه‌نسوور ره‌تیده‌كاته‌وه كه پێشوازییان له‌و منداڵه هه‌تیوانه نه‌كردبێت.
سه‌عد كوردی، به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی مۆڵه‌كه ده‌ڵێت: "ئیداره‌ی مۆڵه‌كه ته‌نها داوایان له تیمه خۆبه‌خشه خێرخوازه‌كه كردووه چه‌ند خوله‌كێك چاوه‌ڕوانبن تا شوێن بۆ منداڵه‌كان ئاماده بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "مۆڵه‌كه رۆژانه پێشوازیی له رێكخراوه مرۆڤدۆسته‌كان ده‌كات و پێشوازییان له 150 تا 200 منداڵی هه‌تیوویان كردووه و مێز و شوێنی یاریی خۆڕاییان بۆ ئاماده كردوون".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئه‌و تیمه له ناكاو هاتوون و چه‌ند خوله‌كێك چاوه‌ڕوانیان نه‌كردووه‌و ده‌ستبه‌جێ ده‌ستیان كردووه به هه‌ڵمه‌ت دژی مۆڵی مه‌نسوور. وه‌ك نیازپاكییه‌كیش ئاماده‌ین خواردن و جلوبه‌رگ ببه‌خشینه هه‌تیووه‌كان و رێگه‌شیان بده‌ین ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ته‌واو به خۆڕایی له كۆمه‌ڵگه بازرگانییه‌كه‌دا یاریی بكه‌ن".
به‌ڵام ئه‌و پاساوه لای به‌رپرسانی تیمه خۆبه‌خشه‌كه پێشوازی لێ نه‌كراوه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی مۆڵی مه‌نسووریان ره‌تكردووه‌ته‌وه.
ئیبراهیم ته‌ها، به‌رپرسی میدیایی تیمه خۆبه‌خشه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌وان به‌پاساوی ئه‌وه‌ی هه‌تیووه‌كان خواردنگه‌كان قه‌ره‌باڵغ ده‌كه‌ن و ده‌شێوێنن، رێگه‌یان نه‌داوه بچنه ژووره‌وه. ئێمه‌ش ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی مۆڵه‌كه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه چونكه دۆریان له‌گه‌ڵدا كردووین.
مۆڵی مه‌نسوور یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین مۆڵه‌كانی شاری به‌غدا و له مانگی ئایاری ساڵی 2013ـه‌وه كراوه‌ته‌وه‌و بڕی 35 ملیۆن دۆلاری تێدا خه‌رجكراوه‌و له 4 نهۆم پێكدێت و زیاتر له 170 دووكان و ژماره‌یه‌ك براندی بازرگانی له خۆده‌گرێت.