زانایان تاقیکردنەوەیەکی دەگمەنی چاندنی دڵیان بە سەرکەوتووی ئەنجامدا

لە داهاتوویەکی نزیکدا هەواڵی خۆش بەوانە دەدەن کە نەخۆشی دڵیان هەیە

K24- هه‌ولێر:

بەم نزیکانە دڵی بەراز بۆ ئەو کەسانە دادەنرێت کە نەخۆشی کوشندەی دڵیان هەیە.

زانایانی ئەڵمانیا توانیان دڵی بەرازێک لەناو مەیمونێک بچێنن و مەیمونەکەش توانی بۆ ماوەی 195 رۆژ بژی.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، گۆڤاری نەیچەری پزیشکی تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی تیمێکی پزیشکی لە سەنتەری دڵی بەرلینی ئەڵمانیا بڵاوکردۆتەوە.

د. کریستۆف نۆسالا، سەرۆکی تاقیکردنەوەکە، لەبارەی ئەو هەنگاوە مەزنەی زانستی پزیشکی رایگەیاندووە: "پێشبینی دەکەین لە وڵاتێکی وەکو ئەمەریکا، هەشت ملیۆن کەس تا ساڵی 2030 بە نەخۆشی دڵ بمرن، زۆرێکیش لەم نەخۆشانە لە چاوەڕوانی دڵێکی بەخشراودا دەمرن".

پزیشکە ئەڵمانییەکان توانیان بەسەرکەوتووی دڵی بەراز لە مەیموندا بچێنن، مەیمونیش لە رووی بایەلۆژییەوە زۆر نزیکە لە مرۆڤ.

پێشتر زانکۆی لودڤێگ ماکسیمیلیۆن لە شاری میونشنی ئەڵمانیا هەمان تاقیکردنەوەیان ئەنجام دابوو، بەڵام مەیمونەکە تەنها 57 رۆژ توانی بە دڵی بەرازەکەوە بژی.

زانایان گەشبینن بەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا، دەتوانن دڵی ئاژەڵ بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنن کە دڵیان لاواز دەبێت و ئەگەری وەستانی هەیە، بەمەش هیوا بۆ ئەوکەسانە دەگەڕێتەوە کە نەخۆشی کوشندەی دڵیان هەیە.

H.J