یەكێتی كێشەی لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردن نییە

یەكێتی پڕۆژەی بەستنی كۆنگرە ئامادە دەكات

K24 - سلێمانی

دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی یەكێتی تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو، ئاشكراشی كرد كە ئەگەر بەھەر ھۆكارێك ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت یەكێتی كێشەی لەگەڵ دواخستن نییە. راشیگەیاند، پڕۆژەیەك بۆ بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی سەركردایەتی.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گوتی: "تەوەرەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی بریتی بوون لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەستنی كۆنگرەی یەكێتی و دۆخی ئێستای عێراق، كە ئێمە بەشێك دەبین لە چارەسەر، لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە ھاوبەشەی لەگەڵ پارتی نووسیومانە و پابەند دەبین بە دەستووری عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق".

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا سەعدی پیرە، راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەخت لەسەر گرنگی بەستنی كۆنگرە كرایەوە و باسمان لە كارەكانی كۆنگرە كرد و وەك پڕۆژە دەخرێتە بەردەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كە لەماوەی نزیكدا ئەنجامدەدرێت، ھەروەھا رای ئەنجوومەنی ناوەندیش وەردەگیرێت، بۆ ئەوەی رۆژی بەستنی كۆنگرە دیاربكرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە كۆنگرە بڕیار دەدرێت كە پۆستی سكرتێری گشتی لە سیستمی بەڕێوەبردنی یەكێتی دەمێنێت یان نا".

لەبارەی دۆخی كەركووك سەعدی پیرە گوتی: "لەمەودوا یەكێتی ھەڵوێستی جدی و چارەنووسازی لەسەر دۆخی كەركووك دەبێت و لەسەر ئەو دۆخەی بە ھاوكاری دەرەوە و ناوخۆی عێراق دەیانەوێت بەسەر كەركووك بیسەپێنن، دەبێ گۆڕانكاری بەسەردا بێت، دەبێ ئیدارەی كەركووك رێكبخرێتەوە".

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: "ئەگەر ھەڵبژاردن بۆ مانگی 12 ی ئەمساڵ دوابخرێت، ئەگەرنا ئێمە گرفتمان نییە و بۆ 30 ئەیلوول ھەموو ئامادەسازییەكمان كردووە و ئامادەیین".

ھ.م