به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی: خه‌لافه‌ت كۆتاییهات به‌ڵام داعش نا

"خه‌لافه‌تی سێبه‌ر" ده‌مێنێت

K24 - هه‌ولێر:

مارتن ئیندیك، باڵیۆزی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیسرائیل رایگه‌یاند، ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی، كه‌ رێكخراوی داعش رایگه‌یاندبوو، رووخا و تێكشكا، به‌ڵام داعش نا.

مارتن ئیندیك، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكا، گوتی: "ئێستا كه‌ داعش هیچ رووبه‌رێكی له‌به‌رده‌ستدا نه‌ماوه‌، به‌ مانای كۆتاییهاتنی داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانی نایه‌ت".

روونیشی كرده‌وه‌، یه‌كێك له‌ گرفته‌كان، كه‌ له‌ داهاتوودا دێته‌ پێش، ئه‌وه‌یه‌ رێكخراوه‌كه‌ به‌ شێوازی دیكه‌ هێرشی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌دات.

ئه‌مڕۆ 23ی ئادار/ مارسی 2019، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، تێكشكاندنی داعشی له‌ دوایین پێگه‌دا، له‌ باغۆز رایگه‌یاند، به‌مه‌ش رێكخراوه‌كه‌ هیچ رووبه‌رێكی زه‌وی له‌ عێراق و سووریا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ماوه‌.

ئ. م