پێنج خواردن ناهێڵێت خەوێکی ئاسوودەت هەبێت

گەر شەوان خەوت لێناکەوێت خۆت لەم پێنج خۆراکە بەدوور بگرە

K24 – هه‌ولێر:

کەمخەویی و زڕانی خەو دەبێتە هۆی زوو بیرچونەوە، خەمۆکی و بێبەرهەمی بۆ رۆژی دواتر.

بەشی تەندروستی رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی بەسوود وەرگرتن لە چەند توێژینەوەیەکی پزیشکی چەند خۆرادن و خواردنەوەیەک دیاری دەکات کە دەبنە هۆی تێکچوونی خەو.

کافێین

خواردنەوەی قاوە و ئەو خواردنەوانەی بە کافێین دەوڵەمەندن، پرۆسەی کیمیایی خەو تێکدەدات.

دەیڤ گیبسن، پسپۆڕی خەو ئامۆژگاریمان دەکات: "دەبێت کافێین لە دوای نانی نیوەڕۆ نەخورێتەوە، هەروەها نابێت لە رۆژێکدا زیاد لە دوو کوپ قاوە زیاتر بخورێتەوە".

گۆشتی سوور

گۆشتی سوور پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ هەرسکردن، بۆیە گەر ئێواران درەنگ نان دەخۆیت، هەوڵبدە گۆشتی سوور نەخۆی چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو.

خواردنەوە کحولییەکان

خواردنەوە کحولییەکان قۆناغەکانی خەو تێکدەدەن کە بە ئاڕ ئی ئێم ناسراوە. بۆیە ئەو خەوەی بە کحولەوەیە جێگای خەوێکی تەندروست ناگرێتەوە.

خواردنی تون (تیژ)

خواردنی تون دەبێتە هۆی زیادبوونی پلەی گەرمی و تێکچوونی باری ئارامی لەش، بۆیە پسپۆڕانی وەک لیزا ئارتیس و گیبسن ئامۆژگاریمان دەکەن شەوان لە خواردنی تون دوور بکەوینەوە.

شەکر

وزەیەکی زۆر لە شەکردا هەیە، لە کاتی خواردنیدا کەسەکە چالاک دەبێت و خەو نایباتەوە.

باشتر وایە شەوان خۆت بەدوور بگری لە شەکر و شیرینی، تاکو خەوێکی ئاسوودە و تەندروستت هەبێت.

 H.J