وردەكاری تەقەكردن لە پزیشكەكەی سلێمانی

زانیاری لەبارەی رووداوەكە ئاشكرا دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای کەمتر لە 72 کاتژمێر ئەو تۆمەتبارەی تەقەی لە د. کەمال ئەحمەد، كرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیر کرا، بەڵام لەکاتی ئاشکرا کردنی تاوانەکە بۆ راگەیاندکاران، بەدەنگی بەرز ھاواریکرد "قسەم ھەیە".

بەپێی زانیارییەکان تۆمەتبار (ھ.ع.ك) کاتی چوونە ژوورەوەی لەگەڵ ئەو پزیشکە ھەبووە کە تەقەی لێکردووە، دوو نەخۆش لەناو نۆرینگەکە چاوەڕوانی بینینی پزیشک دەکەن، لەو کاتە تۆمەتبار بە چاویلکەیەکی رەشەوە دەردەکەوێت و  دەچێتە ژووری پزیشکەکە، دوای چەند خولەکێك پێنج فیشەك لە پزیشکەکە دەدات و ھەڵدێت، لەدەرەوەی نۆرینگەکەش ماتۆرسکیلێك تۆمەتبارەکە دەرباز ئەکات.

عەمید ئاسۆ تەھا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "دوای رووداوەكە چەند ئەفسەرێكمان راسپارد بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە بگەڕێن كە گومانمان لێ ھەبوو، تا شتێكمان دەستكەوێت".

سەبارەت بە باری تەندروستی پزیشكەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا د. سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گوتی: "تەندروستی دكتۆر كەمال لە رۆژانی رابردوو باشترەو ئومێد دەكەین بە زووترین كات بەرەو باشتر بچێت و بگەڕێتەوە ناوماڵ و مندالەكانی".

تۆمەتبارەکە خەڵکی دەرەوەی سلێمانییە و بە دەمانچەیه‌كی جۆری میکارۆف تەقەی لە پزیشكەكە کردووە، دوای دوو رۆژ لە ئەنجامدانی تاوانەکەش، دەمانچەکەی ھەر لە سلێمانی فرۆشتووە. د. ھاژە عەبدوڵڵا، ھاوسەری پزیشکە بریندارەکەش دەڵێت "ھیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتمان لەگەڵ کەس نییە".