ترەمپ رەتیدەکاتەوە پەیمانی رادەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بدات

رووبەڕووی لێشاوێک رەخنە بووەتەوە لە دیموکراتییەکان و کۆمارییەکانیش

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رەتیکردەوە پەیمان بدات بە ئاشتی دەسەڵات رادەست بکات، ئەگەر لە هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی یەکەمی وڵاتەکەی شکستی هێنا، ئەمەش رووبەڕووی لێشاوێک رەخنەی تووندی کردەوە لەلایەن دیموکراتەکان و تەنانەت کۆمارییەکانیش.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رۆژی چوارشەممە (23-9-2020) لە وەڵامی رۆژنامەنووسێک کە پرسیاری ئەوەی کرد "ئایا پەیمان دەدەی پابەند بی بە سادەترین یاسای دیموکراسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە ئەویش رادەستکردنی دەسەڵاتە بە ئاشتییانە کاتێک سەرۆک دەگۆڕێت؟" ترەمپ گوتی "پێویستە ببینین چی روودەدات".

دۆناڵد ترەمپی کۆماری، کە جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە راپرسییەکاندا پێشی کەوتووە، بەردەوام رەخنە لە شێوازی رێکخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەگرێت و دەڵێ "دەنگدان بە نامەناردن و پۆستە، رەنگە ببێتە هۆی ساختەکاری".

بایدن ئەو قسەیەی ترەمپی بە هەل قۆستەوە و لەبارەیەوە گوتی "ئێمە لە چ وڵاتێکدا دەژین؟... ترەمپ نائاقڵانەترین قسە دەکات و بەڕاستی نازانم چی بڵێم".

میت رۆمەنی، سیناتۆری ئەمەریکیش قسەی تووندتری کرد بەراورد بە بایدن و لە تویتێکدا گوتی "هەر دوودڵییەک لەبارەی جێبەجێکردنی دەستوور، کارێکە ناچێتە ئەقڵەوە و قبوڵکراو نییە... رادەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات کارێکی سەرەکی دیموکراسییەتە و ئەگەر ئەوە نەبێت، دەبینە بیلارووسیا".

ترەمپ رۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەدا ئەگەر هەیە دەنگدان لەڕێگەی کارتەوە کە بە پۆست دەنێردرێت، رەتبکرێتەوە و گوتی "با کۆتایی بەو کارتانە بهێنین، ئیدی شتەکە زۆر ئاشتییانە دەبێت و، رادەستکردنی راستیی (دەسەڵات) روونادات، تەنیا بەردەوامبوون دەبێت".