سه‌رۆك بارزانی: پێویسته‌ به‌غدا گه‌ره‌نتی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ به‌ كورد بدات

"گه‌لی كورد خاوه‌ن دۆزێكی ره‌وایه‌ و ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پێشێلكاریانه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌رمان كراوه"‌

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مرۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان سەرۆك مەسعود بارزانی و عەممار حەکیم كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێکی باڵای هاوپەیمانیی ئیسلاح سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی کردووه‌، گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی كراو و حه‌كیم داوایكرد، لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكرێته‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ سایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌، "لە دیدارەكەدا شاندی میوان، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە مێژوو و ئێستا و داهاتووی كوردستان و عێراق بەرز نرخاند و جەختیان کردەوە، کە عێراق پێویستی بە کردنەوەی پەڕەیەکی نوێی پەیوەندیی دۆستانە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و پێویستە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن".

هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، "شاندی هاوپه‌یمانی ئیسلاح ڕایانگەیاند، ئەوان پێشتریش دووپاتیانكردووه‌ته‌وه‌، پشتیوانیی لەو سێ بنەمایە دەکەن کە سەرۆک بارزانی وەک بنچینەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا ناساندوویەتی، کە بریتین لە تەوافق و شەراکەتی ڕاستەقینە و هاوسەنگی".

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە شاندی میوانی راگەیاند، گەلی كوردستان خاوەنی دۆزێكی ڕەوایە، ئەوەی لای ئێمە گرینگە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و چارەسەرکردنی ئەو پێشێلکارییانەیە کە لە ڕابردوودا بەرانبەر مافە ڕەواکانی گەلەکەمان کراوە، بۆ ئەوەش پێویستە میکانیزمی ڕوون و گەرەنتیی پابەندبوون بە شەراکەتی ڕاستەقینە و تەوافق و هاوسەنگی هەبێت".

H.B