د. هەڤاڵ ئەبوبەکر باس لە قاچاخچێتیی لە دەروازەی باشماخ دەکات و هۆشداریی دەدات

"چیدی رێگا نادەین قاچاخچێتیی لەو سنوورە بکرێت و تەندروستی خەڵک بخرێتە مەترسییەوە"

K24 - هەولێر

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە یاوەر د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، قەزای پێنجوێنیان بەسەر کردەوە کە لە چەند رۆژی رابردوو، ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو تیایدا بەرزبووەتەوە.

پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، چیدی رێگا بە قاچاخچێتیی و بۆچوونی سیاسی لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و مەرزی سەیران بەن نادەین و کۆنتڕۆڵی دەکەین.

راشیگەیاند، کۆنتڕۆڵی سنوورەکان دەکەین، تیمی گەڕۆک و بازگەی جێگیر دادەنێین و لەگەڵ ئێرانیش بۆ تووندکردنی رێکارەکان قسەمان کردووە.

دووپاتیشکردەوە، ئومێد دەکەم هیچ کەس زاتی ئەوە نەکات ببێە مەترسی بۆ تەندروستی گشتی، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

د. هەڤاڵ هۆشداریی دا، مەترسییەکان جددین و شەوی رابردوو رێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لە زۆری حاڵەتەکان لە سلێمانی و پێنجوێن کردووە و دەبێت هاووڵاتیان پابەند بن و کەموکورتییەکان نەهێڵدرێن.

بەگوێرەی دواین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، ئەمڕۆ، دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.