سعوديه‌ و ئيسرائيل هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئێران و تارانيش هه‌ڕه‌شه‌كانيان به‌ "شانۆيه‌كى بێ تام" وه‌سفده‌كات

ھەڕەشەی ھێرشی راستەوخۆش بۆ سەر ئێران دەكەن

K24 – هه‌ولێر:

لە دواين رۆژی چالاكييه‌كانى كۆنفرانسی ئاسایشی میونخ ھێرشە زارەكییەكان بۆ سەر ئێران بوون. سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری دەرەوەی سعودیه‌ رايانگه‌ياند، بەھەموو شێوەیەك رێگە لە سەرەڕۆییەكانی ئێران لەناوچەدا دەگرن، ھاوكات ھەڕەشەی ھێرشی راستەوخۆش بۆ سەر ئێران دەكەن، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەو قسانە  ھەمووی بە شانۆیەكی بێ تام ناوبرد.

بنیامین نەتانیاھۆ سەرۆك وه‌زيرانى ئیسرائیل، له‌ ميانى كۆنگره‌كه‌دا گوتى: "ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەسەر رێگریكردن لە سەرەڕۆییەكانی ئێران ھاودەنگن".

بەگوتەی ئەو نەمانی ئێران كاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیش دادەنێت.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، عادل جوبەیر وه‌زيرى دەرەوەی سعودیه‌ گوتى: "ئێمە رێگە نادەین ئێران شۆڕشی خومەینی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، ئەو گەمارۆیانەی لەسەر ئێرانن بەھۆی پشتیوانیكردنی لەرێكخراوە تیرۆریستییەكانە، ئێستا خەریكە موشەكی باليستی بەسەر وڵاتاندا دابەش دەكات، بۆ ئەوەی ئێمە بكاتە ئامانج، دەمانەوێت گۆڕانكاری ریشەیی لەئێراندا بكرێت، ھەربۆیە لەرووبەڕووبوونەوەی ئێران بەردەوام دەبین".

سعوديه‌ و ئه‌مريكا و ئيسرائيل، ئێران به‌ هاوكاريكردنى حووسييه‌كانى يه‌مه‌ن تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و رياز پێى وايه‌ ئه‌و مووشه‌كانه‌ى حووسييه‌كان ئاراسته‌ى سعوديه‌يان ده‌كه‌ن، درووستكراوى ئێرانن.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و تۆمه‌تانه‌دا، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئيسلامى ئێران محەممەد جەواد زەريف، رايگه‌ياند، "ھەندێك لەدراوسێكان ئەگەر لەبیرتان بێ، ساڵی پار لێرە ھەموو ھەوڵێكیان دا ئێران تۆمەتبار بكەن، ھەندێكیشیان وەكوو ئیسرائیل ئەمڕۆ بەیانی ئەو ھەوڵەی دا، ئەم بەیانییە شانۆیەكی بێ تامیان ئەنجامدا". 

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9d8e57e1-9d4d-4d75-b51f-ac64e230776b/021818XXC.ism/manifest