گۆڕان كەوتە گەڕان
K24 - ھەولێر
ماوەی دوو رۆژە شاندێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێرە، دوای كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان، گۆڕان لە ھەوڵدایە یەكگرتوو قایل بكاتە بچێتە ناو ئەو بەرەی كە بۆ بەشداری كردن لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق پێكھێنراوە و بریتییە لە گۆڕان و كۆمەڵ و ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكگرتوو رایگەیاندووە، بە جیا بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان دەكات.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی لە سەر ئاستی باڵا كۆبوونەوە، ھەرچەندە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، شاندی گۆڕان و یەكگرتوو ئامادەنەبوون ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكرا بكەن، بەڵام میدیای گۆڕان نووسیویەتی "كۆبوونهوهكه تایبهت بوو به بارودۆخی سیاسی ههرێم و پرسی ههڵبژاردنهكانی عێراق و ههرێمی كوردستان".
پێشتر یەكگرتووی ئیسلامی راگەیاندووە، بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكان ناچێتە نێو ھیچ ھاوپەیمانیەك و بە تەنھا بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان دەكات، بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، گۆڕان لە ھەوڵدایە یەكگرتوو قایل بكات، بچێتە نێو ھاوپەیمانی ئەوان كە پێكھاتووە لە گۆڕان و كۆمەڵ و ھاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا و لەلایەكی دیكە لە ھەولێر عەلی باپیر و عومەری سەید عەلی كۆبوونەتەوە، بە گوێرەی راگەیاندنی مەكتەبی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق و بەشداریكردنی كورد لە كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان كراوە.