ئافرەتێكی ئێزدی لەلایەن 12 چەكداری داعشەوە وەك كۆیلە بەكارھێنراوە

رێكخراوێك ھاوكاری دەروونی پێشكەش بە كچ و ژنانی كوردی ئێزدی دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەشێك لەو كچ و ژنانەی كوردانی ئێزدی كە لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی داعشەوە كڕین و فرۆشتنیان پێكرا و وەك كۆیلە بەكارھێنران و دواتر لە داعشەكانەوە بوونەتە خاوەن منداڵ، نە دەتوانن دەستبەرداری منداڵەكانیان بن و نە دەتوانن بگەڕێنەوە نێو كەسوكاریان، بۆیە رێكخراوێكی خێرخوازی بەناوی مید ئیست، لە ناوچەیەكی نزیك دھۆك، خانەیەكی داڵدەدانی بۆ ئەو جۆرە ئافرەت و منداڵەكانیان كردووەتەوە.

شەزا ئەو كچە كوردە ئێزیدییەی رزگاربووی دەستی داعش، ساڵێك لەمەوبەر لە شارۆچكەی مەیادینی سووریاوە گەڕایەوە. ئەو لەلایەن 12 چەكداری داعشەوە وەك كۆیلە بەكارھێنراوە، دواجار زانیویەتی دووگیانە، نەیتوانی خوێنی داعش لەجەستەیدا بێت و لەباری برد.

بە حەسرەت و چاوی بەفرمێسكەوە بۆ وێنەی خۆی خوشكەكەی دەڕوانێت، كە پێش ھاتنی داعش لە گوندەكەیان كجۆی نزیك شنگال گرتوویانە، خوشكەكەی وەك ئەو كە لەلایەن چەكدارانی رێكخراوەكەوە رفێنرا، بەڵام ئەو دەستدرێژی چەكدارانی پێ قبوڵ نەكرا و لە رەققە خۆی خستە نێو رووبارەوە و خۆی كوشت.

ھەموو ئەو ئافرەتانەی بندەستی داعش، ھەمان ئەو چانسەی شەزایان نەبوو، ئێستا خانەیەكی داڵدەدانە لە گوندێكی نزیك دھۆك، كە ئەو ژن و ئافرەتانەی لەخۆگرتووە، كە لەدەستی داعش رزگاریان بووە و لە داعشەكانەوە بوونەتە خاوەن منداڵ، نە دەتوانن دەستبەرداری منداڵەكانیان بن و نە دەتوانن بگەڕێنەوە نێو كەسوكاریان.

پۆل مارتن كینجیری، بەڕێوەبەری رێكخراوی مید ئیست دەڵێ: "ھەندێك لە منداڵەكان لەگەڵ دایكیان لە سووریان، باوكیان داعش و دایكیان ئێزیدی، نایانھێنن بۆ ئێرە، ھەندێكیان خاوەن سێ منداڵن، ئەوان منداڵەكانیان خۆشدەوێت، دەیانەوێت لەگەڵیان بمێننەوە، ئەمە كێشەیەكە ئێستا رووبەڕوومان بووەتەوە، ئەو جۆرە ژنانە ناوێرن بێنەوە عێراق".

ئەو ژن و منداڵانەی ئەو خانەیە وەك یەك خێزانیان لێھاتووە، رێكخراوە بیانییە خێرخوازییەكەش ھەموو پێداویستییەكی بۆ دابینكردوون و لە ھەموو روویەكەوە بایەخیان پێدەدات.

ئانیت ئەكسیلسۆن، بەڕێوەبەری خانەی گۆلا نیسانی بۆ داڵدەدان: "وەك خێزانمان لێھاتووە، وەك خوشكی یەكترین، پێكەوە دەگرین، پێكەوەش پێدەكەنین، رێزی زۆرمان لەنێواندا ھەیە، وەك ئەوەی لە ماڵی خۆیان بن، خۆشەویستیمان لە نێواندا ھەیە و ھاوكارییان دەكەین و بۆ لای پزیشكیان دەبەین، یان وەك چارەسەر گەشتیان پێدەكەین".