وه‌زیرێكی عێراقی سه‌رسامی خۆی به پرۆژه‌یه‌كی هه‌ولێر ده‌رده‌بڕێت
K24 - هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن جه‌نابی، وه‌زیری سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق، سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی كرد و له فه‌یسبووكه‌كه‌ی خۆیشییه‌وه چه‌ند وێنه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه و سه‌رسامی خۆی به‌و شاره ده‌ربریوه.
وه‌ك ئه‌و وه‌زیری له فه‌یسبووكه‌كه‌ی خۆی ئاماژه‌ی بۆ كردووه، سه‌رسام بووه به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی دیواری په‌رژینی له‌سه‌ر شێوازی كولتوورییه‌كه‌ی چوارده‌وری بازاڕی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر.
حه‌سه‌ن جه‌نابی له‌گه‌ڵ دانانی وێنه‌كه‌ی نووسویه‌تی: "له‌ناو هه‌ولێر سووڕامه‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی راكێشام نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی كۆنی نزیكه قه‌ڵابوو، كارێكی جوان و گونجاوه بۆ رێزگرتن له شێوازی كولتووری و هاوكات ئاوه‌دانییه‌كی سه‌رنجڕاكێشه".
سه‌ردانی حه‌سه‌ن جه‌نابی، وه‌زیری سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق، به مه‌به‌ستی به‌شداریكردنه له 13ه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی كتێب له هه‌ولێر، كه له 10ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر كرایه‌وه و ماوه‌ی 10 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.