ئه‌و سێ جه‌نگه‌ی ئه‌سته‌مه عه‌بادی تێیاندا سه‌ركه‌وێ
K24 - هه‌ولێر:
دوای تێپه‌ربوونی زیاتر له 3 ساڵ به‌سه‌ر داگیركارییه‌كانی داعش بۆ سێ یه‌كی خاكی عێراق و سه‌پاندنی سیستمێكی توندوتێژ و داپڵۆسێنه‌ر به‌سه‌ر ملیۆنان عێراقیدا، دواجار حوكمی رێكخراوه‌كه كه ناوی "خه‌لافه‌تیان" لێنابوو له‌سه‌ر زه‌وی كۆتاییهات و رۆژی 9/12/2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی و شكستی داعشی له ته‌واوی خاكی وڵات راگه‌یاند. به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ی كۆتاییهاتنی داعشی له عێراق تێدا راگه‌یه‌نراوه، زۆر جیاواز نییه له‌و بارودۆخه‌ی داعش تێدا درووست بوو، بۆیه ئه‌ركی حكومه‌تی عێراق قورسه و دوای جه‌نگی داعش چه‌ند جه‌نگێكی سه‌ختی دیكه‌ی جیاوازتری له پێشه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی
جه‌نگی زیاتر له سێ ساڵه‌ی دژی داعش، زیانی گیانی زۆری به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق گه‌یاندووه، هه‌زاره‌ها قوربانی و برینداری لێكه‌وته‌وه، خه‌ڵكیكی زۆری سڤیل گیانیان له ده‌ستدا، شاره‌كان له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت بوون، زیانی ملیاره‌ها دۆلار به‌ر وڵات كه‌وتووه‌و هیشتا ملیۆنان ئاواره‌ی ئه‌و جه‌نگه له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی عێراقن، بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له عێراقیش، ئه‌ركی حكومه‌تی بۆ قۆناغی نوێی زۆر قورس كردووه‌و ئه‌سته‌مه به زوویی بتوانرێت چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی ئه‌و بارودۆخه بكرێت كه جه‌نگی داعش و گه‌نده‌ڵی له عێراق درووستیان كردووه.
عه‌بادی كاتێك كۆتایی جه‌نگی داعشی راگه‌یاند، باسی جه‌نگی داهاتوویشی كرد، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای گه‌نده‌ڵی له عێراق به درێژكراوه‌ی دۆخی سرووشتی جه‌نگ ناوبردوو و گووتی: "ده‌بێت ئه‌و داهاته به‌فێڕۆچووانه بگه‌ڕێنه‌وه ده‌ستی هاووڵاتیانی عێراق".
له گوتاره‌كانی عه‌بادی و نمایشه سه‌ربازییه‌كانی عێراقدا ئه‌و خۆشحاڵی و چێژه نه‌بینرا كه سه‌ركه‌وتن له جه‌نگێكی سه‌ختی وه‌ك داعش پێویستی پێی بوو، چونكه وڵات و خه‌ڵكی سڤیل زیانی زۆر گه‌وره‌یان له‌و جه‌نگه‌دا به‌ركه‌وتووه.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا دانی به‌وه‌داناوه كه به‌هۆی بۆردوومانی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه 801 هاووڵاتی سڤیلیان له عێراق و سووریا به هه‌ڵه كوشتووه، به‌ڵام گرووپێكی سه‌ربه‌خۆی چاودێریكردن ده‌ڵێ: "ژماره‌كه زۆر له‌وه زیاتره و له ساڵی 2014 وه تا ئیستا گه‌یشتووه‌ته 5961 كه‌س".
هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌و به‌رپرسه عێراقییه‌ی سندووقی سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كانی وه‌ك مووسڵ به‌ڕێوه ده‌بات گووتی: "ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بونیاتنانه‌وه‌ی شاری مووسڵ، پێویستی به 150 ملیار دۆلاره، شاره‌كانی دیكه‌ش زیانی هاوشێوه‌یان به‌ركه‌وتووه‌و هه‌مووشیان ده‌كه‌ونه ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی عێراقه‌وه، كه تا ئێستا نزیكه‌ی 3 ملیۆن كه‌سیشیان له ئاواره‌یدان".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێشتا 20 هه‌زار كه‌س تۆمه‌تبارن به په‌یوه‌ندیكردن به داعشه‌وه‌و خراونه‌ته به‌رده‌می دادگایه‌كی عێراقی، هه‌فته‌ی رابردوو رێكخراوی هیومه‌ن رایتس وۆچ رایگه‌یاند: "ئه‌و دادگایه ناتوانێ و ناخوازێت دادگاییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی ئه‌و كه‌سانه بكات و جیاوازی له‌نیوان ئه‌وانه‌دا بۆ ناكرێت كه بۆ داعش خه‌ڵكیان ده‌كوشت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌مترین رۆڵیان له‌و شه‌ڕ و وێرانكاریانه‌دا هه‌بووه، كه هه‌یانه ته‌نها چێشلێنه‌رێكی داعش بووه".
له‌وكاته‌ی كاروانه گه‌وره‌كانی هێزه‌كانی عێراق به بیابان و دۆڵ و گرده‌كاندا ده‌گه‌ڕان و مانۆڕیان له دوایین پێگه‌كانی داعشدا ده‌كرد، چه‌كداری داعشیان نه‌بینیووه، به‌ڵام چه‌ند كاتژمێرێك پێش ئه‌وه‌ی عه‌بادی وتاری سه‌ركه‌وتن پێشكه‌ش بكات، له سه‌نته‌ری شاری تكریت ته‌قینه‌وه‌یان ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه رێكخراوه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ كاره ناسراوه‌كانی سه‌ره‌تای درووستبوونیان و ده‌ستیان به هێرشی ته‌كتیكی و ته‌قلیدی كردووه‌ته‌وه.
دوورخستنه‌وه‌ی میلیشیا شیعه‌كان له هه‌ڵبژاردن
دوای زیاتر له 10 ساڵ له په‌یڕوكردنی سیاسه‌تی ئایفه‌گه‌ری شیعه‌كان كه بارودۆخێكی وه‌های لێكه‌وته‌وه گرووپه توندڕه‌وه‌كان و داعش گه‌شه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌كانی عه‌بادی بۆ كۆنترۆڵكردنی میلیشیا شیعه‌كان كه زۆرینه‌یان له ئێران نزیكن یان فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرن سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت و جوڵه‌یه‌كی جددی بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی نه‌بێت ئه‌گه‌ری زۆره داعش یان جۆرێكی دیكه‌ی داعش سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه.
ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ی ده‌بێت بۆ ئاشته‌وایی بكرێت، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن تاقیده‌كرێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه ئه‌و میلیشیا شیعیانه‌ی له جه‌نگی داعش شه‌ڕیان كرد و حكومه‌تی عێراق مووچه و بوودجه‌ی زۆری خسته به‌رده‌ستیان، پشكی شێری سه‌ركه‌وتنه مه‌یدانییه‌كانیش به هی خۆیان ده‌زانن، له هه‌ڵبژاردنی رۆژی 12/5/2018 سه‌ركرده‌كانیان به ناو و قه‌واره‌ی جیاوازه‌وه به‌شداریی تێدابكه‌ن و ده‌یان كاندیدیان هه‌بێت، له‌وكاته‌شدا ئه‌و سه‌ركردانه كه ھێزه‌كانیان له ناوچه سوننه‌نشینه‌كانن وشه‌ڕی داعشیان تێدا كردووه‌و فه‌رمان له ئێران وه‌رده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی له باشوور ده‌نگی زۆرتر به‌ده‌ستبهێنن، گوتاره‌كانیان به ئاراسته‌یه‌ك بێت سوننه‌كان به داعشه‌وه په‌یوه‌ست بكه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ش ئه‌و بارودۆخه ده‌خوڵقێنیته‌وه كه بووه ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ گه‌شه‌كردنی گرووپه توندڕه‌وه‌كان و ئه‌ركی عه‌بادی یان حكومه‌تی داهاتووی عێراق قورس‌تر ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی ئاشته‌وایی نیشتمانی و دوورنییه فه‌رمانڕه‌وایی داهاتووش بكه‌وێته ده‌ست سه‌ركرده‌ی میلیشیاكان و ئه‌وانه‌ی له ئێرانه‌وه نزیكن، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌گه‌ری زۆره بارودۆخه‌كه بگه‌ڕێته‌وه چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.
چه‌كداماڵین
عه‌بادی ده‌یه‌وێت میلیشیاكان چه‌كه‌كانیان بده‌نه‌وه ده‌وڵه‌ت یان ئه‌وانه‌یان به‌شداریی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن چه‌كیان له ده‌ست نه‌مێنێ، ئه‌وه‌ش داواكارییه‌كه به بۆچوونی عێراقییه‌كان ئه‌سته‌مه جیبه‌جێ بكرێت، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا میلیشیاكان بناغه‌ی دامه‌زراوه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و ئیران چووه‌ته قوڵایی دامه‌زراوه‌كانه‌وه.
هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بانگه‌شه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ی كرد و دوێنێش گرووپێكی دیكه‌ی میلیشیاكان بڕیاریدا خۆی بخزێنێته ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان، به‌ڵام دوورنییه ئه‌و قسه و لێدوانانه تا ئه‌و كاته بڕبكات كه سه‌ركرده‌ی ئه‌و هێز و گرووپانه ناوه‌كانیان ده‌خرێته لیستی كاندیدانی هه‌ڵبژاردنه‌وه.
چونكه ئێستا رێكخراوی به‌در، كه به گه‌وره‌ترین میلیشیای شیعه داده‌نرێت كه ئیران پاڵپشتی ده‌كات، كۆنترۆڵكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق كردووه‌و 22 ئه‌ندامیشی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌یه.
عه‌ادی به ئاشكرا ناتوانێت رووی قسه‌كانی بكاته گرووپه چه‌كداره‌كان، به‌ڵام له قسه‌كانی رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوودا گووتی: "ته‌نها رێگه چاره‌ی بونیاتنانی ده‌وڵه‌ت و فه‌راهه‌مبوونی دادپه‌روه‌ری و سه‌قامگیریی، گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كه‌كانه بۆ ژێر كۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت و سه‌ره‌وه‌ری یاسا".
ئێستاش كه هه‌ڵبژاردن ته‌نها 5 مانگی ماوه‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌یه‌وێت بۆ خولێكی دیكه ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره له گوتاره‌كانیدا شمشێری به‌رامبه‌ر به‌و چه‌ند جه‌نگه‌ی داهاتوو تیژ بێت، ئه‌گه‌ر بتوانێت بیانباته‌وه‌و نه‌دۆڕێ.