تورکیا 249 فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوەی دەستگیر کرد

"بە کودەتاچی ناویان دەبات"

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسانی تورکیا 249 فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوەی تورکیایان بە تۆمەتی تێوەگلان لە کودەتاکەی ساڵی 2016 دەستگیر کرد.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە سوود وەرگرتن لە هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی NTVی تورکی بڵاویکردەوە، ئەنقەرە بە تۆمەتی پەیوەندییان بە فوتحولا گویلەن و کودەتاکەی ساڵی 2016، ئەو کارمەندانەی دەستگیرکردووە.

لە ساڵی 1999ەوە، گویلەن، سەرۆکی بزووتنەوەی خزمەت، لە ویلایەتی پێنسیلڤینیای ئەمەریکا دەژی و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە هۆکاری کودەتاکەی ساڵی 2016 تۆمەتباری دەکات.

هەر بەتۆمەتی بەشداریی لە کودەتاکە، تاکو ئێستا 77 هەزار کەس لە تورکیا دەستگیر کراون و 150 هەزار فەرمانبەری حکوومی و سەربازی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

Reuters

H.J