خه‌ڵكى مووسڵ: خاڵى گومرگى حكومه‌ت نرخى كاڵاى له‌ بازاره‌كان گران كردووه‌

هاووڵاتییانى دانيشتووى مووسڵ گله‌یی له‌ بوونی ئه‌و جۆره‌ خاڵانه‌ی گومرگ ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24 – مووسڵ:

دوای دانانی خاڵی گومرگی له‌ نێوان دهۆك و مووسڵ و وه‌رگرتنی باج له‌ بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان، هاووڵاتییانى دانيشتووى مووسڵ گله‌یی له‌ بوونی ئه‌و جۆره‌ خاڵانه‌ی گومرگ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازار و ژیانيان درووستكردووه‌.

دواى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوو، حكومه‌تى عێراق سێ خاڵى گومركى له‌ نێوان شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق درووستكردووه‌.

به‌ گوێره‌ى بڕياره‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق، له‌ سه‌ر رێگه‌ى سه‌ره‌كى هه‌ولێر-كه‌ركووك، سلێمانى –كه‌ركووك و دهۆك –مووسڵ ئه‌و خاڵه‌ گومرگييانه‌ دانراوون.

وه‌ك بازرگان و شوفێرى بارهه‌ڵگره‌كان ئاماژه‌ى پێده‌كه‌ن، له‌و خاڵه‌ گومرگييانه‌دا هيچ رێسا و پێوه‌رێكى باج وه‌رگرتن ره‌چاو ناكرێت و به‌ شێوه‌ى هه‌ڕه‌مه‌كى باج له‌سه‌ر كه‌لوپه‌لى هاورده‌كراو داده‌نرێت.

بازرگانى رێگه‌ى وشكانى كه‌ كه‌لوپه‌له‌كانيان له‌ توركيا و ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن، رايانگه‌ياندووه‌، ئه‌وان له‌ ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان باجى كه‌لوپه‌له‌كانيان ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ خاڵه‌ گومرگييه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و شاره‌كانى ديكه‌ى عێراق ناچار ده‌كرێن جارێكى ديكه‌ گومرگ بده‌ن و ئه‌مه‌ش كاريگه‌رى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر نرخى كاڵاكان و به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كانيان له‌ بازار درووستكردووه‌.