لە خانەقین ھێرش كرایە سەر پۆلیسی فیدراڵی

بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیسدا تەقییەوە

K24 - گەرمیان

چەكدارانی داعش لە خانەقین ھێرشیان كردە سەر پۆلیسی فیدراڵی و 4 پۆلیس و ئەفسەرێكی پۆلیسی فیدراڵی عێراق كوژران.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە خانەقین بە کوردستان24 راگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە باشووری خانەقین، دواتر ھێزێکی پۆلیسی فیدراڵی بەھانای ئەو ھێزەوە چوون".

سەرچاوەكە راشیگەیاند: "لەكاتی ھێرشەكەدا بۆمبێك بە ھەمەرێکی پۆلیسدا تەقیووەتەوە لە ئەنجامدا موقەدم فەیسەڵ کرەوی و چوار پۆلیس کوژران".

سەرچاوەکە گوتیشی: "چەکدارانی داعش لە چوار قوڵەوە ھێرشیان کردبووە سەر پۆلیس، دواتر ھێزێکی زۆری پۆلیس وسوپا گەشتوونەتە ناوچەکە".