پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە

نزیكەی یەك ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخانكراوە

K24 - ھەولێر

بە ئامانجى بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكان و بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پڕۆژەی (TIGRIS) کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە و، بڕی نزیكەی یەك ملیۆن یۆرۆ، بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە تەرخان کراوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: "لە رۆژانی 8 تا 10ی 11-2017 وەفدێکى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە پێکهاتبوون لە د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەت و، د. پۆڵا خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی و، سەرۆکى زانکۆکانى سلێمانی، سەڵاحەددین/هەولێر، راپەڕین، هەڵەبجە، چەرمو، پۆلیتەكنیكی سلێمانی، پۆلیتەكنیكی هەولێر، پۆلیتەكنیكی دهۆك. لە زانکۆى (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) لە لە شاری ‌(گوتینگن)ی ئه‌ڵمانیا بەشداریان لەیەكەم كۆبوونەوەی پڕۆژەی (TIGRIS) کرد، کە بەهاوكاری پرۆگرامی (+Erasmus)ی یەكێتیی ئەوروپا و زانكۆی (Gottingen)ی ئەڵمانی و چوار زانكۆی تری ئەوروپا وەك پارتنەری ئەوروپی كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە".

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشكرای دەكات: "لەدووەم و سێیەم رۆژی كۆبونەوەكاندا هەنگاوەکانى ناساندن و جێبەجێکردنى پڕۆژەى (TIGRIS) دەستپێکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا (د.ئوو مووس) بەڕێوەبەری پرۆژەكە لەزانكۆی (Gottingen) بەناوی سەرۆكی زانكۆکەیانەوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد، پاشان كورتەیەكی لەسەر پڕۆژەكە و گرنگیەکەى خستەروو. هەریەك لە نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانكۆكانى كوردستان كە بەشداریان لە كۆبوونەوەكە كردبوو، وەك پارتنەر لەپڕۆژەكەدا وتەی خۆیان پێشكەشكرد و باسیان لە گرنگترین پڕۆژەکانى ئێستا و داهاتوى دامەزراوەکەیان کرد، هیواشیان خواست جێبەجێکردنى پڕۆژەى (TIGRIS) ببێتە دەرگایەکى دیکە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى زانکۆکانى کوردستان بەڕوى دەرەوە".

وەك وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە: "لە پڕۆژەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی (سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، هەڵەبجە، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سلێمانی  و دهۆک) بەشدار دەبن، پڕۆژەکە تایبەت دەبێ بەدروستکردن و بەهێزکردنی توانای مامۆستایان و بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی کوردستان. بۆیە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەکی دیکە بەڕوی زانکۆکانی کوردستان دەکاتەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و ئاشنابوون بە پێشکەوتنەکانی جیهان، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی ئاڵمانیا و چیک دەڕەخسێنێ".

زانكۆی (جۆرج ئۆگه‌ست گوتینگن) یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ به‌ناوبانگه‌كانی جیهان و، له‌ ساڵی  (1737) دامه‌زراوه‌، جگه‌ له‌ پێگه‌یاندنی‌ ده‌یان زانا و توێژەرى‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، (50) خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ له‌ بواری‌ زانستی‌ وتوێژینه‌وه‌دا به‌ده‌ستهێناوه و،‌ پلەی یەکەمی زانکۆکانی ئاڵمانیای لە بواری بەهێزی پەیوەندی دەرەکی هەیە،  له‌هه‌مان كاتدا هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌ز‌گای(ماكس پلانگ) هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێنجه‌م دامەزراوەى توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت.

پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە
پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە
پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی كوردستان دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە