رووسیا یەدەگی زێڕ زیاتر دەكات

یەدەگی نێودەوڵەتی رووسیا گەشەی كردووە

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی ئامارەكانی بانكی ناوەندی رووسیا، یەدەگی نێودەوڵەتی رووسیا لە زێڕ و نەختینەی بیانی لە ماوەی مانگی رابردوودا، بە تێكڕای 2 ملیار و 530 ملیۆن دۆلار گەشەی كردووە، بەوەش لە 1ـی ئەم مانگە 566 ملیار دۆلاری تۆماركردووە.

ئامارەكان دەریدەخەن، خاوەندارێتی بانكەكە لە نەختینەدا مانگی رابردوو بەرێژەی 0.8% داكەوتنی تۆماركرد و گەیشتە 440 ملیار دۆلار، لە بەرامبەریشدا یەدەگی زێڕ بەرێژەی 5.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 126 ملیار دۆلار.

رووسیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا كاری لەسەر زیادكردنی یەدەگی نێودەوڵەتی كردووە، بە جۆرێك ساڵی رابردوو یەدەگی گشتی وڵاتەكە بەرێژەی 86% بەرزبووەتەوە، ھەروەھا مانگی رابردوو و سەرەڕای بڵابوونەوەی كۆرۆنا و سستبوونی ئابووری جیھان، كەچی یەدەگی گشتی بەرزبوونەوەی تۆماركرد.