قه‌یرانی دواكه‌وتنی مووچه به‌سراشی گرته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ندیكای مامۆستایان له به‌سرا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، به هه‌زاران مامۆستا له ناوه‌نده‌كانی خوێندن و قوتابخانه‌كانی پارێزگاكه، به‌هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌كانییان خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه ساز ده‌كه‌ن.
عه‌لا زه‌ركانی، سه‌رۆكی سه‌ندیكای مامۆستایان له به‌سرا رایگه‌یاند، زۆربه‌ی مامۆستایان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی شاره‌كه، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م رۆژی ده‌وامی فه‌رمی ده‌ستییان به ده‌وام كردووه و به هۆی دواكه‌وتنی مووچه‌كانیشیان، بڕیاره له ناو قوتابخانه‌كانییان گردبوونه‌وه ساز بكه‌ن.
زه‌ركانی ئاشكراشی ده‌كات، ئه‌و گردبوونه‌وانه له‌سه‌ر دوای سه‌ندیكاكه‌یان بووه له پارێزگاكه و تا خه‌رجكردنی مووچه‌كانییان له‌و چالاكییه مه‌ده‌نییه به‌رده‌وام ده‌بن.
سه‌رۆكی سه‌ندیكای مامۆستایان له به‌سرا روونیشی ده‌كاته‌وه، دواكه‌وتنی مووچه‌ی مامۆستایان جێگه‌ی قه‌بووڵ نییه و پێویسته حكوومه‌تی خۆجێی و ناوه‌ندی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن و گه‌ره‌نتی دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی بده‌ن.
له هه‌رێمی كوردستانیش ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه، به هۆی بڕینی به‌شه بودجه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه، به پێشنیازی چه‌ند به‌رپرسێكی كورد، قه‌یرانی مووچه سه‌ریهه‌ڵداوه و حكوومه‌تی هه‌رێمیش وێڕای هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كان، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه قه‌یرانه‌كه چاره‌سه‌ر بكات.