ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دوو ملیۆن کەسی تێپەڕاند

رۆژانە نیو ملیۆن پشکنینی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەکرێت


K24 - هەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە تۆمارکردنی رۆژانەی زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و، کۆی گشتیی تووشبووانی تۆمارکراو بە پەتاکەش لە سەرانسەری وڵات گەیشتە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس.

زانکۆی جۆنز هۆپکنزی ئەمەریکی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 11-6-2020) رایگەیاند ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دوو ملیۆن و 464 کەسی تێپەڕاند، هاوکات تائێستا 112 هەزار و 924 کەس بە ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە و 533 هەزار و 504 تووشبووی کۆرۆناش چاکبوونەتەوە.

ئەو ئامارانە لەکاتێکدان ئەمەریکا پێشەنگی وڵاتانی جیهانە لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا، هەروەها رۆژانە نزیکەی 20 هەزار تووشبووی نوێ لەو وڵاتە تۆماردەکرێن و نیو ملیۆن پشکنینی کۆرۆناش ئەنجامدەدرێن.

 

هـ.ر.