مەسرور بارزانی هۆشداری له‌ سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات

"مانەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییە سەرەکییەکانیش بەبێ چارەسەر، رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر حکوومەتەکانی ناوچەکە، کێشە سەرەکییەکان چارەسەر نەکەن، ئەوا داعش جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە.

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی روونیکردووەتەوە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، ئامانجی سەرەکیی شەڕەکە بوو، قوربانییەکی زۆریش لەم شەڕەدا درا، دەرەنجامەکانی شەڕەکەش لە عیراق و سوریا بەرچاون.

گوتیشی: "مانەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییە سەرەکییەکانیش بەبێ چارەسەر، رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات".

مەسرور بارزانی جەختی کردەوە، داعش بریتی نییە لە بوونی هێزی چەکداری، یان رووبەرێکی جوگرافی، بەڵکوو داعش ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە و رێکخراوەکە توانیویەتی خۆی لەگەڵ شکستەکاندا رابهێنێت و لەو شوێنانەی تایفەگەریی تێدا زاڵە، دەستی بە هێرشی چەکداری  کردووەتەوە.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: "لە پارێزگاکانی باکووری عێراق، لەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازاد کراون، شانە نووستووەکانی داعش بە تاکتیکی نوێ جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە، ترس و دڵەڕاوكێ لە نێو خەڵکی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌".

ئ. م