ئه‌ردۆغان: لە ھاوكاریكردنی قەتەر بەردەوام دەبین و مۆڵەت لە كەس وەرناگرین
K24 – هه‌ولێر
رەجەب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، بەردەوام دەبین لە ھاوكاریكردنی قەتەر و ئەوەی لە دەستمان بێت درێغی ناكەین، ئەوەشی خستەڕوو.
ئه‌ردۆغان پاش نوێژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانانی دایه‌وه و گوتی، داواكاری ئه‌و چوار وڵاته له قه‌ته‌ر پێشێلكاری مافه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه و به هێرش بۆ سه‌ر سه‌روری ئه‌م وڵاته و ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی قه‌ته‌ر وەسفیكرد.
سه‌رۆك كۆماری توركیا تیشكی خسته سه‌ر پەیوەندیی هاوكارییه ئه‌منییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و قه‌ته‌ر گوتی "توركیا له ساڵی 2014 پێكه‌وه كاركردنی به‌رگردنی له قه‌ته‌ری جێبه‌جێكردووه و ده‌ستێوه‌ردان له‌م بواره هه‌نگاوێكی زۆر ناشیرینه".
ئه‌ردۆغان به پێشاندانی پشتگیری وڵاته‌كه‌ی بۆ قه‌ته‌ر رایگەیاند" ئێستا قه‌ته‌ر رووبه‌ڕووی هه‌ندێ كرده‌وه بووه‌ته‌وه و له‌مباره‌وه ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێت بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌م وڵاته درێغیمان نه‌كردووه و له‌مه‌ودواش به‌رده‌وام ده‌بین".
له باره‌ی داواكاری كشانه‌وه سه‌ربازانی توركیا له قه‌ته‌ر، ئه‌ردۆغان ئاماژەی بەوەكرد "ئه‌و داواكارییه بێرێزییه به‌رامبه‌ر توركیا و بۆ پێكه‌وه كاركردنی به‌رگری له‌گه‌ڵ وڵاتێك مۆڵه‌ت له كه‌سانی دیكه وه‌رناگرین و توركیا له‌و جۆره وڵاتانه نییه به‌و شێوه‌یه كار بكات".
ئەمە لە كاتێكدایە سعوودییە، ئیمارات، میسر و به‌حرەین بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر دواكارییه‌كی 13 خاڵیان پێشكه‌شی قەتەر كردووە، كه له خاڵی دووه‌مدا داوایان كردووه قه‌ته‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له وڵاته‌كه‌ی دابخات و كۆتایی به هاوكاری سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئە و وڵاتە بهێنێت.
ئه‌م چوار وڵاته 10 رۆژ مۆڵه‌تیان داوه‌ته قه‌ته‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی خواسته‌كانیان.
پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ ئێران و ده‌ركردنی ئه‌ندامانی سوپای پاسداران و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ تاران و داخستنی كه‌ناڵی جزیره و كۆتاییهێنان به پشتگیری ماددی و حه‌واندنه‌وه‌ی تیرۆریستان له گرنگترین داوكاری ئه‌م چوار وڵاته‌ن له قه‌ته‌ر.