نەتەوە یەكگرتووەكان: ئەمساڵ ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت

پرسی ریفراندۆم گەیشتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرك رایگەیاند: "سەركردە باڵاكانی ھەرێمی كوردستان ئاشكرایان كردووە نیازی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان ھەیە، بۆ ئەوەی لە ساڵی 2017 بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان بدە".

یان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەڵێت: "سەركردەكانی ھەرێمی كوردستان دووپاتیدەکەنەوە، ئامانجی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ راستەوخۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە نیازی خەڵکی کوردستان بە جیهان پیشان بدرێت، هەروەها کارگێڕی کەرکووکیش ئاشکرای کردووە، دەیانەوێت بەشداری لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا بکەن".

گوتیشی: "داوا لە هەولێر و بەغدا دەكەین بەردەوام بن لە دیالۆگ و هەماهەنگییەکانیان لە شەڕی دژی داعش زیاد بکەن و هەروەها لەسەر ئاستی سیاسیش و ئابووریش پەرە بە پەیوەندیی و دانوستاندنەکان بدەن".

راشیگەیاند: "کەمی دیالۆگ لەبارەی پرسەکانی فیدڕاڵییەت کە بنەماکەی بریتی بێت لە هاوبەشی لە حکومڕانی یاخود جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە دەستووری عێراقی سەبارەت بە ناوچە کێشە لەسەرەکان ، قەیران و ناکۆکییەکان زیاد دەکات".