بە چاودێری رووسیا گفتوگۆ لەنێوان مەسەدە و ئەسەد بەڕێوەدەچێت

مەسەدە: رووسیا دەتوانێ فشار بخاتە سەر رژێمی سووریا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات بە کوردستان24 راگەیاند، هەڕەشەکانی تورکیا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان پێویستە وەك پرسێکی جددی وەربگیرێن. ئاماژەی بەوەشدا، لە رێگای رووسیاوە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی سوریا دەستیپێکردووە.

گوتەبێژی مەسەدە داواش دەکات سەرۆك بارزانی، رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەری ناکۆکییەکانی ناو پارتەکانی رۆژئاوای كوردستان. هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنەکەسە داوای نیازپاکی لە ھەسەدە دەکات و دەڵێت "هیچ پێویست ناکات گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەد بکرێت،  چونکە چارەسەری پرسی کورد لای ئەسەد نییە".

ئێستا هەموو چاوەکان کەوتوونەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و پرسیاری هەرە گرینگ بریتیە لەوەی ئاخۆ کورد لە کوێی هاوکێشەکانە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات پێیوایە کورد پارێزراون و نایشیشارێتەوە کە ئەوان هەموو هێلکەکان ناخەنە سەبەتەی واشنتن، هەر بۆیە وەک ئەو دەڵێ، گفتوگۆ لەگەڵ شام دەستیپێکردووە، ئەمە جیا لەوەی رێککەوتنی هێزە کوردییەکان بە پێویست دەزانن و لەو رووەشەوە داوای دەستپێشخەری لە سەرۆك بارزانی دەکەن.

ئەمجەد عوسمان، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) بە كوردستان24 گوت: "گفتوگۆ لەگەڵ رووسەكان كراوە، رووسیا دەتوانێ فشار لە رژێمی سووریا بكات، بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەر. راستە ھەموو لایەنەكان جەخت لە پاراستنی كورد لە سووریا دەكەنەوە، بەڵام ئێمە ھەڕەشەكانی توركیا بە جدی وەردەگرین، بەبڕوای ئێمە دەبێ سەرەتا كێشەكان لە رۆژئاوای كوردستان چارەسەر بكرێن، ئێستا كەنەكە پێشنیازێكی كردووە و بەڕێز مەسعود بارزانی دەتوانێ رۆڵ بگێڕێ. دەمانەوێت ھێزە كوردییەكان ھانی ھێزەكانی رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن".

بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا لەوەدا ھاوڕایە، کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان پارێزراو دەبێت، بەڵام گفتوگۆ لەگەڵ بەشار ئەسەد بە پێویست نازانێ و بۆ رێککەوتنیش داوای دەستپێشخەری لە بەرامبەر دەکات.

ئیبراهیم برۆ، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بە كوردستان24 گوت: "تائێستا رژێمی سووریا بۆچوونی خۆی لەبارەی كوردان نەگۆڕیووە، بۆیە شتێكی ئەستەمە كە رژێم بتوانێت مافی گەلی كورد لە سووریا بدات".

کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە دووڕیانی واشنتن و مۆسکۆدا ماوەتەوە، هەر یەك لە شام و ئەنکەرەش چاویان لە گێڕانەوەی دۆخەکەیە بۆ پێش 2011 پرسێك کە کورد ناخوازێت هەرگیز بەدیبێت.