ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌گه‌ری روودانی بومه‌له‌رزه‌یان هه‌یه
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری بومه‌له‌رزه له ده‌سته‌ی كه‌شناسی عێراق رایگه‌یاند، ئامێره‌كانی تۆماركردنی بومه‌له‌رزه له كرماشانی ئێران 40 بومه‌له‌رزه‌ه‌یان تۆماركردووه و پێشبینی روودانی ژماره‌یه‌ك بومه‌له‌رزه‌ی دیكه‌شی له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی توركیا و رۆژئاوای وڵاتی شام و كه‌نداوی عه‌ده‌ن كرد.
عه‌بدولكه‌ریم ته‌قی، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی بومه‌له‌رزه له ده‌سته‌ی كه‌شناسی عێراق، له لێدوانێكدا بۆ سومه‌رییه نیوز دووپاتیكرده‌وه، "دوای ئه‌و بومه‌له‌رزه‌ی شه‌وی رابردوو چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراقی هه‌ژارند كه درێژكراوه‌ی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ناوچه‌كانی وڵاتی ئێران بوو و چه‌قه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئێران و هێڵی سنووری نێوان عێراق و ئێران"، ئاشكراشیكرد، "چالاكی بومه‌له‌رزه‌كه هێشتا له چوارده‌وری پلێتی ناوچه‌كه و به‌دیاریكراویش شاری كرماشان به‌رده‌وامه و، دوای ئه‌و بومه‌له‌رزه‌یه‌ی كه به زیاتر له 5 پله شاری كرماشانی هه‌ژاند، ئامێره‌كانی چاودێری 40 بومه‌له‌رزه‌ی دیكه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌كیان تۆماركردووه، كه گوڕه‌كه‌یان له‌نێوان 2 بۆ 4.2 پله بووه به‌گوێره‌ی پێوه‌ری رێخته‌ر".
هه‌روه‌ها گوتی، "چوارده‌وری پلێتی ناوچه‌كه ئه‌گه‌ری بومه‌له‌رزه‌ی دیكه‌ی لێ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له ناوچه سنوورییه‌كانی توركیا، رۆژئاوای وڵاتی شام، ده‌ریای سوور و كه‌نداوی عه‌ده‌ن، چونكه پلێته‌كه كه به زمانی زانستی جیۆلۆجی به "پلێتی ته‌كتۆنی" ده‌ناسرێت، له‌و میحوه‌رانه ده‌جووڵێت و پێشبینی روودانی بومه‌له‌رزه‌ی دیكه‌ی لێ ده‌كرێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بومه‌له‌رزه له ده‌سته‌ی كه‌شناسی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هێڵی سنووری نێوان عێراق و ئێران ته‌وژمێكی زۆری بومه‌له‌رزه‌ی لێیه و ئامێره چاودێرییه‌كانیشمان ئه‌و له‌رینه‌وانه تۆمار ده‌كه‌ن"، جه‌ختی كرده‌وه، "عێراق پێویستی به ژماره‌یه‌كی زیاتری ئامێره‌كانی چاودێریكردنی بومه‌له‌رزه هه‌یه، به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه سنوورییه‌كان".
ته‌قی دووپاتیكرده‌وه، "فه‌رمانگه‌ی كه‌شناسی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆ و به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌ر سنووری ئێران، بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی كه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ر زیانێك، به‌زووترین كات هاوكارییان پێ بگه‌یه‌نن".
هه‌رچه‌نده به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بومه‌له‌رزه به‌دیاریكراوی ئاماژه‌ی به هیچ ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه، به‌ڵام پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نین له‌و سنووره جوگرافیه‌ی كه ئاماژه‌ی پێداوه.
دوێنێ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك كه شاری كرماشانی ئێرانی هه‌ژاندو جگه له‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س بریندار بوون و زیانیش به خانوو و بینایه‌كان گه‌یشت، له چه‌ندین ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقیش هه‌ستی پێكرا.
H.B