بۆمبێك ماڵی به‌رپرسێكی یه‌كێتی له كه‌ركووك ده‌كاته ئامانج
K24- هه‌ولێر:
ئیدریس حاجی عەلی، بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی داقوقى یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان, کە ئێستا جێگری به‌رپرسی مەڵبەندی یەکێتیە لەکەرکووک و ماڵی لە شارۆچکەی داقوقە, بەکوردستان24ـى راگه‌یاند، "چەند کەسێك بۆمبێکيان فڕێداوەتە ناو ماڵه‌كه‌م، بەڵام چەند خولەکێک به‌ر له رووداوه‌كه ماڵ و مناڵه‌كه‌م دەرچووبون و له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كه هیچ کەسێك لەماڵه‌وه نەبوو, بۆیە جگه له زیانی ماددی، هیچ زیانێكی گیانی به‌دواوه نه‌بوو".
ئه‌و رووداوه دوای ئه‌وه هاتووه، به‌ر له چه‌ند رۆژێك ئیدریس حاجی ڕەخنەی لەهێزە عێراقیەکانی سنوورەکە گرتبوو, بەوەی کە ناوچەکەیان کردووه‌تە سەربازگە و دۆخی ئەمنی سنوورەکەشيان پێ کۆنترۆڵ ناکرێت, وێڕای ئه‌وه‌ی بەداگیرکەر وەسفی کربوون.
ئەم ڕەخنانەی جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له كه‌ركووك کە لەمیدیاکانیش باس كرابوون, وەک خۆی دەڵێت: "بوونه‌تە مایەی ناڕەحەتی هێزەکانی سنوورەکە, ئێستاش گومانم هەیە ئەوانەی له ناوچه‌كه باڵادەستن ئەم کارەیان کردبێت و ئامانجيان ئەوەیه کە ئێمە ناوچه‌كه جێ بهێڵین، بۆ ئەوەی رێژه‌ی كورد له سنووره‌كه كه‌م بێته‌وه و پرۆسه‌ی ته‌عریب چڕتر بكه‌نه‌وه.
شارۆچکەی داقوق دەکەوێتە باشووری کەرکوک و 40کم لە ناوەندی کەرکوکەوە دوورە, هەرسێ پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمان له‌و شارۆچكه‌یه دەژێن.
H.B