رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی: خۆپیشاندانه‌كانی عێراق مه‌ترسیدارن و بۆنی كوده‌تای لێدێت
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی فاینانشاڵ تایمزی به‌ریتانی له راپۆرتێكدا دووپاتیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراق ده‌گوزه‌رێت دۆخێكی مه‌ترسیداره و تا سیسته‌می تایفه‌گه‌ری له‌ناونه‌برێت دانامركێته‌وه.
ئه‌و رۆژنامه به‌ریتانییه ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا، خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه مه‌ترسیدارترین ناڕه‌زایی بووه كه شه‌قامی عێراقی ته‌نیوه و دوور نییه ببێته هه‌وێنه كوده‌تایێكی سه‌رانسه‌ری".
رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه له راپۆرته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌و درزه گه‌وره‌یه‌ی كه له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و خه‌ڵكی عێراقدا هه‌یه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "وه‌رزی هاوین له عێراق وه‌رزێكی له‌باره بۆ سازكردنی خۆپیشاندان، له‌كاتێكیشدا خه‌ڵكی عێراق له‌و وه‌رزه‌دا و له‌ژێر به‌رزی پله‌كانی گه‌رما رووبه‌ڕووی كه‌می ئاو و كاره‌با بوونه‌ته‌وه، خۆپیشانده‌ران به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتداراندا هه‌ڵده‌شاخێن و به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، كه سه‌روه‌تی گشتی ده‌وڵه‌ت له گیرفانی خۆیان به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن، به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێ ناكه‌ن، له ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوو له بونیادنانی ده‌وڵه‌ت شكستیان هێناوه و ئه‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێ ناكه‌ن كه بانگه‌شه‌ی دیموكراتیه‌ت و گه‌شه‌پێدانی پێ ده‌كه‌ن".
ئه‌و رۆژنامه‌یه نووسیویه‌تی، "وێڕای ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا هیوای تروسكاییه‌كی به خه‌ڵكی عێراق به‌خشییه‌وه، به‌ڵام دواتر خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته تێبینی كار و خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌تی عێراقی كرد، كه هیچ هه‌نگاوێكی به‌ره‌و چاكسازی و كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵێ و نه‌هێشتنی بێكاری و باشكردنی خزمه‌تگوزاری نه‌ناوه، كه دووباره بووه‌ته‌وه ژینگه‌یه‌كی له‌بار بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر".
له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌نای بۆ هه‌ندێ تاكتیكی دیكه‌ی نوێ بردووه بۆ ره‌فتاركردن له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كان و چه‌ند به‌ڵێنێكی دیكه‌ی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به خۆپیشانده‌رانی دا، به‌ڵام دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، خه‌ڵكی عێراق ئاره‌زووی گوێگرتن له‌و به‌ڵێنانه ناكات، چونكه زۆربه‌یان هیچ ئومێدێكیان به رژێمی سیاسی عێراقێكی تایفی نه‌ماوه، له‌كاتێكدا بژارده‌ی سه‌ره‌كی له عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه‌ی سیاسی دابه‌شكراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كارامه‌یی و چالاكییه‌ك پێشكه‌ش به گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن، بۆیه خه‌ڵكیش وا بیر ده‌كاته‌وه، به رووخاندنی ئه‌و رژێمه‌ی ئێستا له به‌غدا هه‌یه، سه‌رجه‌م كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
H.B