ئه‌مه‌ریكا: چه‌كه‌كانمان كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست میلیشیاكانی سەربە ئێران لە عێراق

شکستی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان دەگەێنێت

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسانی ئەمریكا دانیان بەوە ناوە كە چەكەكانیان كەوتونەتە دەست میلیشاكانی سەربە ئێران لە عێراق، ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئەمریكا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی چەكەكانی ئەمریكا لە عێراق كەوتوونەتە دەست چەكدار و میلیشیا شیعەكانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران كە لە لایەن وڵاتەكەیانەوە خراوەتە لیستی تیرۆره‌وه‌. هاوكات مانه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا له‌ ئیداره‌ی ئێستای تره‌مپدا، به‌ هۆكاری شكستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌زانن.

ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە رۆڵی ھەبووە لە پرچەککدرنی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق. چەند کۆنگرێسمان و بەرپرسی باڵای سەربازی و سیاسی ئێدارەی ئەمریکا بە سایتی بەناوبانگی ئەمریکی "زە واشنتن بیکن"یان راگەیاندووە زۆر نیگەرانن لەوەی کە ئەو چەکانەی ئەمریکا بە عێراقیداوە کەوتوونەتە دەست میلیشیا شیعەکانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران کە لە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیاندان.

 بەرپرسە ئەمریکیيەکان دانیان بەوەدا ناوە ئەم کارەی ئەمریکا شکستی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان دەگەێنێت لە ناوچەکەدا.

"زە واشنتن بیکن" ئاشکرای دەکات ئەو بەرپرسە ئەمریکیانە دەستیانکردووە بە رادەستکردنی بەڵگەکانیان بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کە چۆن خەریکن ھەڵەیەکی زۆر ستراتیژی دەکەن و ھۆکارێکی ھاوبەشیان دروستکردووە و ھاوکارییەکانیان بوونەتە ھۆی بەھێز کردنی ئێران لە ناوچەکەدا.

سیاسەتمەدارانی ئەمریکا مانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی ئۆباما لەناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە ھۆکاری ئەم شکستانە دەزانن.

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی دەڵێ: ئەو راپۆرتانەمان بەدەست گەیشتوون کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی چەکی ئەمریکی کەوتوونەتە دەست میلیشیاکان لە عێراق و داوا  لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەو چەکانە بگەرێنێتەوە ژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق. چونکە بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا نابێت ئەو رێکخراونەی چوونەتە لیستی تیرۆرەوە یان تاوانی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە ھاوکاری بکرێن.

رۆن دیسانتیس کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان و ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا یەکێکە لەو بەرپرسە ئەمریکیانەی کە داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکات ھەڵوێستی روونی ھەبێت.

دیسانتیس رەخنەی توند دەگرێت و دەڵێ چۆن دەبێت چەکی ئێمە بەدەست ھێزێکەوە بێت کە لە شەری عێراقدا لە 2003 سەدان سەربازی ئەمریکیان کوشتووە؟

بەگوێرەی زانیارییە ھەواڵگرییەکانی ئەمریکا چەکداری حیزبوڵا و ھێزەکانی بەدر و و چوار یەکەی دیکەی سەربازی ناو حەشدی شەعبی سودمەند بوون لە راھێنانە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەو چەکە ئەمریکیانەی کە بە سوپای عێراقدراون.

بەڵگەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاگاداری ئەوە بووە کە ئەو ھاوکارییانە لەرێگەی ئەبوو مەھدی موھەندیسەوە گەیشتوون بە حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران.

یەکێک لەو کەسانەی کە کۆنگرێسمان و بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ دەکەن, برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانێتی دژ بە داعش.