سعوودییە ناهێڵێت نەوتی جیهان بێ ئێرانی پێوە دیاربێت

"بەم نزیکانە بەرهەمی نەوتی سعوودییە زیاد دەکات"

K24 – هه‌ولێر:

تا وادەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران نزیکتر دەبێتەوە،خواست لەسەر نەوتی خاو زیاتر دەکات، بۆ ئەمەش سعوودییە دەیەوێت بەرهەمی نەوتی وڵاتەکەی زیاد بکات.

تەنها یەک هەفتە ماوە بۆ گەڕاندنەوەی بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران و لە ئێستاوە بازاڕی نەوت ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام سعوودییە دڵنیای دەدات لەوەی قەدەخکردنی کڕینی نەوتی ئێران کاریگەری لەسەر بەرهەمی نەوت نابێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئیکانمیک تایمز، خالید ئەلفالیح، وەزیری وزەی سعوودییە لەو بارەویە رایگەیاندووە: "سعوودییە قەرەبووی نەوتی لەدەستچووی چەند شوێنێکی وەک ئێران دەکاتەوە".

ئەو وەزیرەی سعوودییە دەشڵێت: "بەم نزیکانە سعوودییە بەرهەمی نەوت لە 10 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ 11 ملیۆن زیاد دەکات و ریاز توانای هەیە رۆژانە 12 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکات".

ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی سعوودییە لەکاتیکدایە، دوێنی شەممە، حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندبوو کە ئەمەریکا لە سزاکانی سەر کەوتوو نابێت چونکە هاوپەیمانەکانیشی گوێڕایەڵی نابن.

بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئەمەریکا سزای ئێران بدات و نەوتەکەی لە جیهان قەدەخەبکات.

H.J