پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق ناوه‌ندی هاوبه‌ش پێكده‌هێنن

"تا ئێستا ناکۆکی لەسەر درووستکردنی سەنتەری ھەمامەنگی کەرکووك ھەیە"

K24 – ھەولێر:

درووستکردنی ناوەندی ھاوبەشی ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق  خێراتر کراوە و ھەردوو سەنتەری ھەولێر و بەغدا كارا کراون و لە کۆبونەوەی داھاتووی هەردوولادا باس لە کردنەوەی سەنتەرەکانی دیکەش دەکرێت.

ھەنگاوەکانی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانيەكانى دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم  خێراتر کراوە، دوو ناوەندی ھاوبەشيش دامەزراون، کە یەکێکیان لە بەغدایە و ئەوی دیكەیان لە ھەولێرە، بڕیارە سێ ناوەندی دیكەش دابمەزرێنرێن.

بریکارى وەزاره‌تی پێشمەرگە، سەربەست لەزگین گوتی: لە ماوەیەکی نزیکدا ھەردوو لیژنەكه کۆدەبنەوە و بڕیار لەبارەی چارەنوسی ناوندە ھاوبەشەکانی دیكە دەدرێت.

ھەروەھا گوتی: ھەموو ھەولێك دەدەين تا لە زووترین کاتدا بتوانرێت ئەو سەنتەرانە دروستبکرێن و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە كوردستانيەكانى دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم.

ھێزەکانی ھاوپەیمانان رۆڵیان ھەیە لە خێراکردنی رێکارەکانی كردنەوەى ئەو ناوەندانە. ھۆشداریش لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش دەدەن.

"ئەڵمانیا"ش یەکێكه لەو وڵاتانەى رۆڵی سەرەکی ھەیە لە بەرنامەی چاکسازی و ھاوکاری سەربازی پێشكه‌شی ھێزی پێشمەرگە دەکات. فەرماندەی گشتی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە کوردستان و عێراق، عه‌قید نۆگرادی گوتی: هەماهەنگی لە نێوان ئيمه و وەزارەتی پێشمەرگە ئامانجێکی ئەڵمانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، کە کاری لەپێناودا دەکەن، لە دوای قۆناغی شەڕی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە بەرامبەر داعش. ئێستا قۆناغێکی دیکەی هەماهەنگیمان دەستپێکردووە. هەربۆیە سەرنجمان لەسەر پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە داناوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە پاڵپشتی لە پڕۆسەی چاکسازی نێو وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین.

بڕیارە شاندی باڵای ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق کۆببنەوە. چەند بژاردەیەکيش ھەیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە. درووستکردنی ھێڵێکی ھاوبەشیش لە نێوان ھەردوولادا لەو سنوورانە  تاوتوێ دەکرێت. 

بڕیارە سەنتەری ھەمامەنگی ھاوبەشی ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووك، دیالە و موسڵ درووستبکرێت؛ بەڵام تا ئێستا ناکۆکی لەسەر درووستکردنی سەنتەری ھەمامەنگی کەرکووك ھەیە. دوا بڕیاريش بۆ کۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەکانی ھەردوولا ماوەتەوە .