لە عەفرین 47 ھاووڵاتی دیكە شەھید بوون

"زۆربەیان ژن و منداڵن"

K24 - ھەولێر

لە ئەنجامی تۆپباران و بۆردوومانەكانی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین، 47 ھاووڵاتی سڤیلی شارەكە شەھیدبوون، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگە رایگەیاند: "بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای توركیا، لە دوێنێوە 47 كەسی دیكەی سڤیل لە ناوەندی شاری عەفرین شەھیدبوونە".

بە گوێرەی ئەو ئاژانسە: "زۆربەی ئەو كەسانەی لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی شەھیدبوونە ژن و منداڵن، كە نێویاندا 16 منداڵ و 14 ژن ھەن".

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ سوپای توركیا نەخۆشخانەی ئاڤرینی لە ناوەندی شاری عەفرین بۆردوومان كرد، بەوھۆیەوە 9 ھاووڵاتی شەھیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

بەگوتەی بەرپرسانی توركیا چەند رۆژێكە شاری عەفرین لەلایەن سوپای وڵاتەكەیان گەمارۆدراوە، بەرپرس و فەرماندەكانی یەپەگەش رایانگەیاندووە، كە ئامادەنین عەفرین چۆڵ بكەن.

سوپای توركیا لە 20/1/2018، بە بەشداری چەكدارانی سوپای سووریای ئازادی پاڵپشتی كراو لەلایەن ئەنقەرە، ھێرشی كردە سەر عەفرین، دوای دوو مانگ ھێرشی ئاسمانی و زەمینی، بەڵام ھێشتا نەیتوانیوە تەواوی شارەكە داگیر بكات. بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین، تا ئێستا نزیكەی 300 ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوونە و زیاتر لە 600 دیكەش برینداربوونە.

ھ.م