دوو كەسی دیكە لە ھەولێر بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ دوو كەسی دیكە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ھەولێر بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا. 

د. شاخەوان ئەسعەد خەیلانی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوو كەسی دیكە لە ھەولێر بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، یەكێك لە تووشبووەكان تەمەنی 47 ساڵ و ئەوەی دیكەشیان 60 ساڵ بوو".

گوتیشی: "یەكێك لەو تووشبووانە نەخۆشی پاڵەپەستۆی خوێنی ھەبوو، ئەوەی دیكەشیان نەخۆشی شەكرەی ھەبوو".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی لە ھەولێر ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا 75 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئیماراتی لەژێر چاودێری تەندروستی دان، باری تەندروستی زۆربەیان جێگیرە، ژمارەیەكی كەمیان باری تەندروستیان ناجێگیرە و نیشانەكانیان توندە".

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، یەكێك لەو كەسانە دانیشتووی قەزای سۆران بوو.