پنتاگۆن: هه‌سه‌ده‌ ده‌كه‌ينه‌ هێزى پاراستنى سه‌قامگيرى

"ئەو مەشق و راھێنانەی بە ھێزە ئەمنییە خۆجییەکانی سووریا درا، بە ھەڵە لێکدراوەتەوە".

 K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئەریک پاھۆن، رايگه‌ياند، بەمەبەستی گۆڕینی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) لە ھێزی شەڕکەرەوە بۆ "ھێزی دەستەبەرکردنی سەقامگیری" و "ھێزی کۆنترۆڵکردنی ناوچەیی"، مەشقیان بەو ھێزە کردووە.

ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەفتەی رابردوودا راگەیاندنی "ھێزی ئاسایشی سنوور"ی ئاشکرا کرد کە ژمارەکەی نزیکەی 30 کەس دەبێت و بە سەرکردایەتی ھێزەکانی سووریای دیموکرات دەبێت و بۆ ئەو مەبەستە مەشقیان پێدەکرێت. ئەمە روونکردنەوەیە لەگەڵ روونکردنەوەکانی پنتاگۆن و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن مشتومڕی بەدوای خۆیدا ھێنایە ئاراوە.

پاھۆن ئاماژەی بەوە دا کە مەشق و راھێنان بۆ دەستبەرکردنی ئاسایش لە لایەن ئەو کەسانەی بۆ زێدی خۆیان لە سووریا گەڕاونەتەوە جێگەی باسە و گوتیشی: "ئەو مەشق و راھێنانەی بە ھێزە ئەمنییە خۆجییەکانی سووریا درا، بە ھەڵە لێکدراوەتەوە".

گوتیشی: "ئەمە(مەشق و راھێنان) لە ھەمان کاتدا ئامانجی رێگریکردن لە ھەڵاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ دەرەوە لەخۆ دەگرێت کە لەکاتێکدا کۆتایی داعش ھاتووە. ھەروەک وەک سوپایەک باسی لێوە دەکرێت ئەمە ھێزی ئاسایشی سنوور نییە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەتوانن ئەو ھێزە وەک ھێزی پۆلیس پێناسە بکەن، پاھۆن گوتی: "نامەوێت وەک ھێزی پۆلیس ناوزەندی بکەم، بەڵام ئەمە وەک جۆرێک لە ھێزی ئاسایش یان ھێزی سەقامگیری یاخود ھێزی کۆنترۆڵکردنی ناوچەییە".

ئەو گوتەبێژەی پنتاگۆن راشیگەیاند کە " داعش کۆتایی پێ دێت و جەخت لەسەر ھەنگاوی داھاتوو دەکەینەوە. راھێنانیان پێ دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری. دەستمان بە کارەکان کردووە بەڵام تا ئێستا شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامە. ئەمە کاری گۆڕینی ھێزی شەڕکەرەوە بۆ "ھێزی دەستەبەرکردنی سەقامگیری" و "ھێزی کۆنترۆڵکردنی ناوچەیی". 

پێشتر پنتاگۆن لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستبووەڕوو کە "ئەمریکا بەردەوامە لە راھێنانی بە ھێزە خۆجێیەکانی سووریا. راھێنانەکە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ ناوچەکە. ئەمەش گرنگە بۆ ئەوەی رێگری لە داعش بکرێت کە جارێکی دیکە نەگەڕێتەوە ناوچە رزگارکراوەکان. ئەمە "سوپایەکی نوێ نییە". 

لەلایەکی دیکەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن لەبارەی پێکھێنانی "یەکینەکانی پاراستنی سنوور لە باکووری سووریا" گوتبووی "روونکردنەوەیەک  قەرزداری تورکیاین. ئەمە بە تەواوی بە ھەڵە وێنەی بۆ کێشراوە و پێناسەکراوە. بەشێکی لایەنەکان بە ھەڵە قسەیان کردووە. ھیچ ھێزێکی ئاسایشی سنوور پێکناھێنين".

سه‌رچاوه‌: ئه‌نادۆڵ