بۆ یه‌كه‌م جار.. دۆزینه‌وه‌ی جۆرێكی نوێی ترشی ناوه‌كی "DNA" له‌ناو خانه‌ی مرۆڤ
K24- هه‌ولێر:
تیمێكی زانایان توانییان جۆرێكی نوێی له ترشی ناوه‌كی "DNA" له‌ناو خانه‌ی زیندووی له‌شی مرۆڤ بدۆزنه‌وه كه به‌ناوی "i-motif" ده‌ناسرێت.
جۆره نوێییه‌كه‌ی ئه‌و ترشه ناوه‌كییه له گورزێكی ئاڵۆزی "DNA" پێكهاتووه، كه جیاوازه له جۆری په‌یژه‌یی لوولپێچ كه پێشتر ناسراو بوو، كه بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له زانایان "جیمس واتسۆن و فرانسیس كریك"ـه‌وه دۆزرابووه‌وه.
پێشتر پێشنیازی بوونی ئه‌م جۆره ترشه ناوه‌كییه كرابوو كه ئێستا دۆزراوه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌م جاره له خانه‌ی زیندوودا تێبینی بكرێت. له‌مباره‌شه‌وه زانایان ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، ئه‌وان ته‌واو له فرمانی "i-motif" دڵنیا نین، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ن، فرمانی سه‌ره‌كی ئه‌و جۆره ترشه ناوه‌كییه، به‌شداریكردن بێت له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی زنجیره‌كانی "DNA" و گۆڕینی بۆ چه‌ند مادده‌یه‌كی سوودبه‌خش.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، پرۆفیسۆر دانیێل كریست، زانای بایۆلۆژی له په‌یمانگه‌ی گارفان بۆ توێژینه‌وه پزیشكییه‌كان، كه له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا به‌شداره، ده‌ڵێت: "كاتێك بیرمان له ترشی ناوه‌كی "DNA" دێته‌وه، خه‌یاڵی زۆربه‌مان بۆ په‌یژه‌یه‌كی هه‌ڵچنراوی لوولپێچی دووانه ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌م توێژینه‌وه نوێییه زانیارییه‌كی نوێ ده‌داته ده‌ستمان كه پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ی ته‌واو جیاوازی "DNA" هه‌یه و، ده‌كرێت بۆ خانه‌كانی له‌شمان زۆر گرنگ بێت".
بۆ دیاریكردنی پێگه و شوێنی ئه‌و جۆره ترشه ناوه‌كییه له‌ناو خانه‌ی له‌شی مرۆڤ، زانایان ته‌نێكی چاودێری وردیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داهێناوه، كه ده‌كرێت له‌ڕێگه‌یه‌وه زانیاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و گورزه ترشه ناوه‌كییه‌ی "DNA" به‌ده‌ست بهێنرێت. توێژینه‌وه‌كه‌ش له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی چه‌ند دژه‌ته‌نێك له‌سه‌ر شێوه‌ی Y ئه‌نجامدراوه، كه به‌هه‌ندێك مادده‌ی دیاریكراو رووكه‌ش كراوه، به‌شێوازێك درووستكراوه، كه توانای پێوه لكانی ته‌نیا به جۆری "i-motif"ـه‌وه هه‌بێت و له‌گه‌ڵ جۆره‌كانی دیكه‌ی ترشه ناوه‌كییه‌كان "DNA" یه‌ك نه‌گرێت.
زانایانی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه بۆیه فلۆرییه‌كانیان بۆ دژه‌ته‌نه‌كان زیادكردووه، كه توانای چاودێریكردنی شوێنه دیاریكراوه‌كانی ناو خانه‌یان هه‌یه. له‌كاتی جێبه‌جێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌سه‌ر 3 جۆری جیاوازی خانه‌ی له‌شی مرۆڤ، تێبینی په‌ڵه‌ی سه‌وزی فلۆرییان كردووه، كه له‌سه‌ر ده‌نكۆڵه‌كانی هه‌موو ئه‌و خانانه ده‌ركه‌وتوون.
كاتێكیش پێشتر له‌قۆناغی ده‌ستكرد له تاقیگه‌كان تێبینی "i-motif" ده‌كرا، دیار نه‌بوو كه ئه‌و جۆره له خانه‌ی زیندوودا بوونی هه‌یه. ده‌ره‌نجامی تویژینه‌وه‌كه‌ش له گۆڤاری زانستی "Nature Chemistry" بڵاوكراوه‌ته‌وه.
زنجیره‌ی كلاسیكی ترشی ناوه‌كی "DNA" كه پێشتر ناسراو بوو، له په‌یژه‌یه‌كی دوانه‌یی پێكهاتووه و، پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی په‌یژه‌ی لوولپێچی دوانه له گه‌ردی 5 مادده‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، كه بریتین: "ئه‌دینین، گوانین، سایتۆسین، یۆراسیل و ثایمین".
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له په‌یكه‌ری په‌یژه‌كه‌دا به‌ندی هایدرۆجینی هاوبه‌ش له‌نێوان گه‌ردی مادده جیاوازه‌كاندا درووست ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك، كه ئه‌دینین له‌گه‌ڵ ثایمین و سایتۆسین له‌گه‌ڵ یۆراسیل به‌ندی هاوبه‌شی هایدرۆجینی درووست ده‌كه‌ن، به‌ڵام له جۆره نوێییه‌كه‌دا "i-motif" جیاوازه و ئه‌و یاسایه په‌یڕه‌و ناكرێت و، زانایان له‌و باوه‌ڕه‌دان، به‌هۆی ئه‌و سرووشته‌وه نه‌یانتوانیوه بۆماوه‌یه‌كی دوور و درێژ تێبینی بوونی ئه‌و جۆره نوێیه‌ی ترشی ناوه‌كی بكه‌ن.
پرۆفیسۆر مارسیل دینگه‌ر، كه له توێژینه‌وه‌كه‌دا به‌شداری كردووه، ده‌ڵێت: "i-motif" بریتییه له گورزه گرێیه‌كی ئاڵۆزی ترشی ناوه‌كی، كه له 4 خاڵ پێكهاتووه. له بنچنه‌ی گرێ ئاڵۆزه‌كه‌دا به‌ندی هایدرۆجینی ته‌نیا له‌نێوان گه‌رده‌كانی "سایتۆسین" درووست ده‌بێت و له‌گه‌ڵ 4 جۆره‌كه‌ی دیكه یه‌كناگرێت، بۆیه له جۆره لوولپێچه دووانییه‌كه‌ی كه پێشتر ناسرابوو جیاوازه.
H.B