مه‌كگۆرك پشتيوانى بۆ رۆڵى كورد له‌ به‌غدا ده‌ربڕى

نێچيرڤان بارزانى و مه‌كگۆرك دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستانيان تاوتوێكرد

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی شه‌ڕی دژی داعش كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ ڤه‌یگن كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، شاندی میوان باسیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و هه‌ردوو جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراقی له‌لایه‌ك، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پشتگیریی خۆیان بۆ‌ رۆڵی كاریگه‌ریی لایه‌نی كوردی له‌ به‌غدا و به‌شداریكردنێكی به‌هێزیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حومكڕانیی عێراقدا پیشان دا.

لای خۆیه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به هه‌وڵی به‌رده‌وامی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ به‌شداریكردنێكی به‌هێز له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و دیاریكردنی پۆسته‌كان له‌ به‌غدا و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاشكرای كرد، كه‌ دانوستانه‌كانی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی بۆ درووستكردنی هاوده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی له‌ به‌غدا به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌  بانگه‌شه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام و رێكوپێك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. 

تاوتوێكردنی بارودۆخی گشتیی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌یست به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: KRG