مه‌سرور بارزانى: ده‌بێت له‌ به‌غدا كورد به‌شداری راسته‌قینه‌ له‌ بڕیاره‌ سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منیيه‌كان بكات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (رامۆن بلاکوا) باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا، وێڕای تاوتوێكردنی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه، گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ پەیوەندییه‌كانی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرا.

له‌ باره‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ له‌ به‌غدا، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پشتگیری له‌هه‌نگاوه‌كانی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداریكردنی یه‌كسان له‌نێوان پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌  گفتوگۆكانماندا به‌رده‌وامین و رایگه‌یاند، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆڵی به‌شداری راسته‌قینه‌ی له‌ بڕیاره‌ سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كان هه‌بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ رۆڵی ده‌ستوور له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرا، له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، مادده‌ی 140ی ده‌ستوور كلیلی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستانه‌‌ و گوتی: ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی وه‌ك یاسای نه‌وت و غاز و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌.

له‌باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه‌، كه‌ ده‌خوازن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن حكوومه‌تێكی به‌هێز دروست بكه‌ن.

له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی له‌ مه‌سرور بارزانی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌نجامه‌كان ده‌بنه‌ چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ كوردستانێكی به‌هێز و سه‌قامگیر. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان دا و رایگه‌یاند، ‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ گفتوگۆی به‌رده‌وام دایه‌ بۆ هاوكاری كوردستان له‌رووی پرۆسه‌ی چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی كوردستان.