تێچووی جەنگەکانی ئەمەریکا ئاشکرا دەکرێن

لە ساڵی 2001ەوە تا ساڵی 2019 ئەمەریکا پارەی جەنگ دەدات

K24 – هه‌ولێر:

لە ساڵی 2001 و لە دوای هێرشەکانی سەر دوو تاوەرە بازرگانییەکانی ئەمەریکا، واشنتن نزیکەی 6 تریلیۆن دۆلاری لە جەنگە جیاوازەکان خەرج کردووە و بەهۆی ئەو جەنگانەشەوە 500 هەزار کەس کوژراون.

پەیمانگایەکی زانکۆی واستۆن کە تایبەتە بە سیاسەتی دەرەوە، راپۆرتێکی لەسەر تێچووی جەنگەکان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "جەنگ، ئەو رووداوانەی پەیوەندییان بە جەنگەوە هەبووە، چارەسەر و خزمەتی سەربازە بریندارەکان و قوربانیانی جەنگ لە ئەمریکا تا ساڵی 2019، 5.9 تریلیۆن دۆلار لەسەر حکوومەتی ئەمەریکا کەوتووە".

لە راپۆرتەکە هاتووە: "خەرجکردنی ئەم بڕە پارە زۆرە نیگەرانییە بۆ ئاسایشی نیشتیمانی چونکە رێژەکەی کەم ناکرێتەوە و خەڵک داوای شەفافییەت و ستراتیژی نوێ دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکان".

روداوەکانی 11ی سێپتێمبەری ئەمەریکا کە بووە هۆی کوژرانی 3 هەزار کەس لە ئەمەریکا و لەلایەن رێکخراوی ئەلقاعیدە ئەنجامدرا، بووە سەرەتایەک تاکو ئەمەریکا زنجیرە هێرشەکانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسپێبکات و ئەفغانستانیش یەکەم ئامانج بوو، بەهۆیانە 500 هەزار کەس کوژراون.

لە ساڵی 2003، سوپای ئەمەریکا هێرشیکردە سەر عێراق و سەددام حوسەین و رژێمەکەی لەناوبرد.

لە دوای دەسپێکردنی "بەهاری عەرەبی"، ئەمەریکا چەند چالاکییەکی سەربازیی لە وڵاتانی لیبیا و یەمەن ئەنجامداوە کە تایبەت بوون بە رووبەڕووبونەوەی تیرۆر.

هەروەها، دروستکردنی هاوپەیمانی و بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەشێکی دیکە بوو لە خەرجییە زۆرەکانی ئەمەریکا چونکە لە وڵاتانی عێراق و سووریا داعش ناوچەیەکی زۆری گرتە دەست.

ئێستا ئەمەریکا لە 76 وڵات چالاکی دژە-تیرۆری هەیە کە دەکاتە 39%ی وڵاتانی جیهان.

سەرچاوە: نیوزویک

H.J