ستێفن مانسفیڵد: كردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كونسڵخانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا نیشانه‌ی پشتیوانیكردنی كورده‌

"ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی كورد هان ده‌ده‌م"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ستێفن مانسفیڵد، نووسه‌ری ناوداری ئه‌مه‌ریكی، داوا له‌ به‌رپرسان و ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، پشتیوانی كورد بكه‌ن و ده‌ڵێت: "كردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كونسڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا به‌ نیازه‌ پشتیوانی كورد بكات".

ستێفن مانسفیڵد، سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی دیموكراسیی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، بوونی ئاشتی و هه‌ڵبژاردنی ئاشتییانه‌، كه‌ لێره‌ هه‌ن، ئاماژه‌ی باشن و ده‌شڵێت: "ئێمه‌ ده‌بینین حكوومه‌ت هه‌ماهه‌نگه‌ و فره‌حزبی هه‌یه‌، من پێشبینیی داهاتووێكی باش ده‌كه‌م".

سه‌باره‌ت به‌ پشتگیریكردنی كوردیش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌رده‌وام داوای له‌ به‌رپرسه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ پشتیوانیی كورد بكه‌ن و گوتی: "به‌شێك له‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان تێناگه‌ن لێره‌ چی رووده‌دات، بۆیه‌ من ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی كورد هان ده‌ده‌م".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "كردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كونسڵخانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا، نیشانه‌ی پشتیوانیكردنی كورده‌".

سه‌باره‌ت به‌ گرژیی و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌ش، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئێران، مانسفێڵد رایگه‌یاند، ھیچ ئاماژەیەكی ھەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمەریكادا نییە، ھەردوو وڵات ئاشتی دەخوازن و جموجۆڵەكانی ئەم دواییانەش، ھەڵوێستی سیاسین و ناچنە نێو جەنگەوە.

ستیڤن مانسفیڵد، نووسه‌رێكی دیاری ئه‌مه‌ریكایه‌ و یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانی به‌ ناوونیشانی "موعجیزەی كورد - The Miracle of The Kurds"، یه‌كێكه‌ له‌ پڕفرۆشترین كتێبه‌كانی دامه‌زراوه‌ی نیویۆڕك تایمز له‌ ئه‌مه‌ریكا.

ئ. م