بوومەلەرزە ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستانی ھەژاند
K24 - ھەولێر
درەنگانی شەوی رابردوو بوومەلەرزە دەڤەری سۆرانی ھەژاند و دانیشتووانی ناوچەكە ھەستیان پێكردووە.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "كاتژمێر 12:04 خولەكی شەوی رابردوو بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.2 پلەی رێختەر بە قوڵایی 10 كیلۆمەتر لە دەڤەری سۆران روویداوە و ھاووڵاتییان ھەستیان پێكردووە".
بە گوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی بوومەلەرزەزانی ھەرێم، بوومەلەرزەكە زیانی بەدواوە نەبووە.
لە ساڵی رابردووەوە چەندین بوومەلەرزە ناوچەكانی كوردستانی گرتووەتەوە، بەپێی پێوەری رێختەریش بەھێزترین بوومەلەرزە لە 12/11/2017 بوو، كە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ھەژاندووە، بەوھۆیەوەش لە رۆژههڵاتی كوردستان و ههرێمی كوردستان ژمارەیەك ھاووڵاتی بوونە قوربانی و ژمارەیەكی دیكەش بەھۆی روخانی خانووەكانیان ئاوارەبوون.