ناسنامەی ھێرشكەرەكانی سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر ئاشكرا دەكرێت

ئاسایشی ھەولێر زانیارییەكان بۆ رای گشتی دەخاتەڕوو
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر و بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، رایانگەیاند، ئەو سێ چەكدارە كوژران كە ئەمڕۆ ھێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر. ناسنامەی ھەرسێ چەكدارەكەش لای ئاسایشی ھەولێر ئاشكرا دەكرێت.

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ سێ چەكدار ھێرشیان كردە سەر بینای پارێزگای ھەولێر، ھەر ئەو كات ھێزەكانی ئاسایشی ھەولێر گەیشتنە ئەوێ و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن و ھەرسێ چەكدارەكەش بكوژن. خەڵكی ھەولێر و كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەو جۆرە كردەوە تیرۆرستیانە ناتوانن لە خزمەتكردنی خەڵك و نیشتمان ساردمان بكەنەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "دوای لێكۆڵینەوەی ورد ئاسایشی ھەولێر تەواوی زانیارییەكان لەسەر رووداوەكە بڵاودەكاتەوە".

تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر گوتی: "ناسنامەی ھەرسێ كوژراوەكە لای ئاسایش ئاشكرایە و لێكۆڵینەوەی ورد دەكەین و دواتر تەواوی زانیارییەكان بۆ رای گشتی رادەگەیەنین".

لەبارەی زیانە گیانییەكانی فەرمانبەرانی پارێزگا و كارمەندانی ھێزە ئەمنییەكان، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد: "تەنھا كارگوزارێكی پارێزگای ھەولێر شەھیدبووە".

بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، چوار كارمەندی ئاسایش و پۆلیسێك برینداربوونە.

ھ.م