روانگه‌ی سووری: سوپای توركیا چووه‌ته ناو عه‌فرین
K24 - هه‌ولێر:
میدیاكانی توركیا بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه هێزه‌كانی سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، چوونه‌ته ناو شاری عه‌فرینه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی CNN TURK سوپای توركیا له رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواوه هێرشێكی فراوانی بۆ سه‌ر ناوه‌ندی شاری عه‌فرین ده‌ستپێكردووه‌و چووه‌ته ناو شاره‌كه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، دوای دوو رۆژی نیمچه ئارام، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا به چڕی ناوه‌ندی شاری عه‌فرین بۆمبا‌باران ده‌كه‌ن و شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌ستیپیكردووه‌و ده‌نگی ته‌قینه‌وه له ناوه‌ندی شاره‌كه بیستراوه.
سوپای سووریای ئازاد كه میلیشیایه‌كی سوورییه و شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كات ده‌ڵێت: "تێرمیناڵی كۆن و گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌شره‌فییه و جه‌میلییه‌مان له عه‌فرین كۆنترۆڵكردووه‌و هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی له عه‌فرین كشاونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌باره‌ی ره‌وشی مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌وه رایگه‌یاندووه: "سوپای توركیا و سوپای سووریای ئازاد چوونه‌ته ناو شاری عه‌فرینه‌وه‌و شه‌ڕیكی قورس روویداوه‌و هێشتا به‌شێكی هێزه‌كانی یه‌په‌گه له‌ناو شاری عه‌فریندا ماونه‌ته‌وه".
له به‌رامبه‌ردا ئاژانسی فورات نیووز نزیك له په‌كه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، به‌هۆی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕێكی سه‌خت له‌نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی و سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریا له گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌شره‌فییه و مه‌حموودیه‌ی ناو شاری عه‌فرین، ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز و چه‌كدارانی توركیا و میلیشیاكانی سووریا كوژراوون و به دیل گیراوون.
سه‌رچاوه‌كانی فورات نیووز ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، سه‌ره‌ڕای بۆمبابارانی چڕی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، له‌و دوو گه‌ڕه‌كه‌دا سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریا ژماره‌یه‌كی زۆر كوژراو و دیلیان هه‌یه و تا ئێستا شه‌ڕه به‌رده‌وامه.
به‌ڵام تا ئیستا هێزه‌كانی یه‌په‌گه كه ماوه‌ی 58 رۆژه دژی هێزه‌كانی سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا له شه‌ڕدان، به فه‌رمی هیچ زانیارییه‌كیان ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌واڵانه رانه‌گه‌یاندووه.