"ئاراس شێخ جه‌نگی با بچێته‌ به‌رده‌می دادگا نه‌ك په‌رله‌مان"

هیچ نامه‌یه‌كی ئاراس شێخ جه‌نگی نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و هیچ پله‌یه‌كیشی نییه‌ تا بچێته‌ په‌رله‌مان

K24 - هه‌ولێر:

هیچ نامه‌یه‌كی "ئاراس شێخ جه‌نگی" نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ نامه‌ی ئه‌و "كادیر"ـه‌ی یه‌كێتی پێگه‌یشتبێت. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی  په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌ رۆژنامه‌ی وشه‌ی راگه‌یاندووه‌: "هیچ نامه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان نه‌نێردراوه‌و ئه‌و كه‌سه‌یش هیچ پله‌یه‌كی فه‌رمی نییه‌ تا بێته‌ په‌رله‌مان".

ئاراس شێخ جه‌نگی، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی رێككه‌وتنه‌ ژێربه‌ژێره‌كه‌ی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق و سوپای پاسدران له‌ناو خه‌ڵكدا ناوده‌برێت و له‌ رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دوایی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌یدانی ئه‌و باڵه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی كردووه‌ له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ قسه‌ی بۆ میدیاكان ده‌كرد، پێش چه‌ند رۆژێك نامه‌یه‌كی له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ به‌هۆی به‌رده‌وامی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باسی "خیانه‌ت" له‌ دۆسێی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه‌و ئه‌و ئاماده‌یه‌ بێته‌ په‌رله‌مان و له‌ رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ راسته‌وخۆ ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و رووداوانه‌ بخاته‌ڕوو.

رۆژنامه‌ی وشه‌ نوسیوویه‌تی "ئاراس شێخ جه‌نگی برازاى جه‌لال تاڵه‌بانى و یه‌كێك له‌ قاره‌مانانی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ له‌ ڕێى میدیا سێبه‌ره‌كانیانه‌وه‌، نامه‌یه‌ك به‌ گوته‌ى خۆیان له‌ ڕێكه‌وتى 12/12/2017 ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كردووه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو شتێك ڕوون بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و نامه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مان نه‌چووه‌ و ته‌نیا هه‌وڵێكه‌ بۆ شێواندنى دۆخه‌كه‌ و شاردنه‌وه‌ى خیانه‌ته‌كه‌یانه‌، چونكه‌ ئاراس رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌و كاته‌ی كاروانی ئۆتۆمبێلی ئاواره‌كان شه‌قامه‌كانی ته‌نیبوو، له‌ناو كه‌ركووك به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌یوت "جه‌یشه‌كه‌ به‌ره‌و بیر نه‌وته‌كان ده‌چن له‌ هاڤانا و بای حه‌سه‌ن" هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو لێدوانه‌كانیدا ته‌نیا جنێوی ده‌دات و شۆكی خیانه‌ته‌كه‌ وای لێكردبوو ئاواره‌كان نه‌بینێت و كه‌ركووكی به‌ "بێ كێشه‌" باس ده‌كرد".

له‌ نامه‌كه‌یدا هاتووه‌، "به‌داخێكی زۆره‌وه‌ هێشتا ئه‌و قسه‌ڵۆك و وتی وتییانه‌ هه‌ر ماون كه‌ گوایه‌ له‌ده‌ستدانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تری كوردستان به‌هۆی (خیانه‌ت) و رێككه‌وتنی نهێنییه‌وه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقی و ئێرانییه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك زانیاریی گرنگ و وردم لایه‌ له‌باره‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئاماده‌م بێمه‌ په‌رله‌مان و روونكردنه‌وه‌ بده‌م''.

به‌ڵام دلێر ماوه‌تی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ رۆژنامه‌ی وشه‌ی گوتووه‌: "هیچ نامه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مان نه‌هاتووه‌و وه‌ك فراكسیۆن ئاگاداری ئه‌و نامه‌یه‌ نین و بۆ فراكسیۆنیش نه‌هاتووه‌و وه‌كو سه‌رۆكی فراكسیۆنیش هیچ نامه‌یه‌كم به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌كه‌ كردووه‌ "ئه‌و نامه‌یه‌ی له‌ میدیاكانه‌وه‌ به‌ناوی ئاراس شێخ جه‌نگی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ناتوانرێت بۆ په‌رله‌مان بنیردرێت، چونكه‌ ئاراس هیچ پله‌یه‌كی نیه‌ تا بێته‌ په‌رله‌مان، ئه‌و كه‌سانه‌ی دێنه‌ په‌رله‌مان قسه‌ ده‌كه‌ن، پله‌یان وه‌زیره‌ و له‌ سیستمی حوكمڕانیدان".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هه‌ر هاووڵاتییه‌كی ئاسایی یان به‌رپرسێك ده‌توانن بێن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام هۆڵی په‌رله‌مان ته‌نها بۆ وه‌زیره‌كانه‌".

له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا مه‌ردان خدر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان گوتوویه‌تی: "هاتنی كه‌سانی ئاسایی بۆ هۆڵی په‌رله‌مان رێگه‌پێدراو نییه‌، ئاراس شێخ جه‌نگیش هیچ پۆستێكی نییه‌ و ناتوانێت بێته‌ په‌رله‌مان، ته‌نها بۆ لای لیژنه‌كان نه‌بێت رێگه‌پێدراوه‌".

ده‌رباره‌ی رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر و ئه‌و "خیانه‌ته‌ی" كرا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ میلله‌ت و خه‌ڵكی كوردستانه‌ ده‌بێت ئه‌و بریاره‌ بده‌ن كه‌ ئه‌و خیانه‌ته‌ كێ كردوویه‌تی و چۆن كراوه‌. ئێستا سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیایه‌ و شته‌كان له‌ چاو ون نابن".

سادق عه‌لى چالاكى سیاسى، له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتوویه‌تی: "یه‌كێتى خۆیان به‌ر له‌ 16ـى ئۆكتۆبه‌ر ده‌یانگوت ئه‌وه‌ ئێمه‌ كه‌ركووك ده‌پارێزین و یه‌كێتى زۆرینه‌یه‌ له‌ كه‌ركووك، باشه‌ بۆ دواى 16ـى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وان بێده‌سه‌ڵاتن له‌ كه‌ركووك و هه‌موو حزبه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان باڵاده‌ستن، بۆیه‌ ورووژاندنی ئه‌و بابه‌ته‌ سپیكردنه‌وه‌ى ڕووى ڕه‌شییانه‌".

ئه‌و چالاكه‌ سیاسییه‌ ده‌ڵێت: "قسه‌كانى عه‌بدولئه‌میر زه‌یدى زۆر ڕاستن كه‌ 17ـى ئۆكتۆبه‌ر گوتى، "ئه‌وانه‌ى ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵیان كردبوو، داوایان كرد هێزه‌كانى عێراق تا ئیبراهیم خه‌لیل بچن بۆ ئه‌وه‌ى تاوانه‌كه‌یان بشارنه‌وه‌، كاتێك پێوه‌ندییان به‌ عه‌بادى كردبوو و گوتیان داوایه‌كى وامان لێ ده‌كرێت، عه‌بادی گوتبووى "ئه‌وان وه‌فایان بۆ میلله‌ت و خاكى خۆیان نییه‌، وه‌فایان بۆ منیش نابێت و تا ئه‌و سنووره‌ى دیاریمان كردووه‌ بڕۆن".

به‌گوته‌ی عه‌لی "ئه‌و خیانه‌ته‌ ناشاردرێته‌وه‌ و دڵنیاش بن شتى تریش بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ تا دۆخه‌كه‌ شلۆق بێت و ڕاستى ون بێت".

ڕێزان كه‌ریم پارێزه‌ر و چالاكى یاسایی كه‌ركووك ئاشكراى ده‌كات، بۆ دۆسیه‌ى كه‌ركووك تا ئێسته‌ هیچ سكاڵایه‌ك تۆمار نه‌كراوه‌، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بیه‌وێت سكاڵا له‌سه‌ر هه‌ر به‌رپرسێك تۆمار بكات، ئه‌وا ئاماده‌یه‌ ببێت به‌ پارێزه‌رى به‌خۆڕایى.

ڕێزان ده‌ڵێت: "ڕووداوه‌كانى كه‌ركووك به‌ڵگه‌ى ڕوونی هه‌یه‌ و هیچ شتێك ناشاردرێته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى خیانه‌تیان كرد و كه‌ركووكیان به‌ ده‌سته‌وه‌ دا، بێگومان دیار و ئاشكران، ئێسته‌ش هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌ دادگاى گه‌رمیان سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بكه‌ین، ئه‌گه‌ر خۆیان به‌ به‌رزتر له‌ یاسا نابینن، ئه‌وا با نه‌چنه‌ په‌رله‌مان، با بێنه‌ به‌رده‌م دادگا".

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی وشه‌