"ئاڵا تاڵەبانی بەبێ رەزامەندی یەكێتی چووەتە لیستی كۆنە بەعسییەكان"

بڕیاری سڕكردنی بە دەستكارییەوە پەسند كراوە

K24 - ھەولێر

ماڵپەڕی چاودێری مەلا بەختیار، لە بابەتێكدا كە وەك روونكردنەوە و بەرگریكردن لە مەلا بەختیار بڵاوی كردووەتەوە، لە خاڵێكدا بێ ناوھێنانی ئاڵا تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، بەبێ‌ رەزامەندی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، چۆتە لیستی كۆنە بەعسیەكان، سڕ كراوە. هەقی وەدەرنانی هەبوو.

ئەو ماڵپەڕە نووسیویەتی: "لەسەر دەركردنی ئەندامێكی سەركردایەتی (كە بەبێ‌ رەزامەندی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، چۆتە لیستی كۆنە بەعسیەكان) سڕ كراوە. ئەمە لەكاتێكدا هەقی وەدەرنانی هەبوو. بڕیارەكە لە مەكتەبی سیاسی توندتر، بەبێ‌ دژایەتی یەك كەسیش دراوە. سەركردایەتی بە كەمێك دەستكارییەوە، پەسەندی كرد".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر ئاڵا تاڵەبانی، رەخنەی لە بڕیاری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی و خودی مەلا بەختیار گرت لەبەرامبەر بڕیاری سڕكردنی لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لە گرتە ڤیدیۆیەكدا رایگەیاندووە: "كاكی كارگێڕ بۆی نییە لێپرسینەوە لەگەڵ من بكات. لەبەر ئەوەی دەبێ مەلا بەختیار خۆی لیژنەی لەسەر پێك بھێندرێ، دەبێ یەكێتی لێپرسینەوە لەگەڵ مەلا بەختیار بكات نەك من، چونكە بەڵگەی لەسەر ھەیە".

دوای ئەوەی ئاڵا تاڵەبانی، بەھۆی چەند ھەڵوێستێكی دژی ھەرێمی كوردستان و پێچەوانەی سیاسەتی حزبەكەی لە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، بۆ ھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق خۆی لەسەر لیستێكی سوننەكانی عێراق كاندیدكردووە، ھەرچەندە رایگەیاندووە، بە رەزامەندنی ماڵی مام جەلال ئەوەی كردووە، بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری سڕكردنی ئاڵا تاڵەبانی وەك ئەندامی سەكردایەتی یەكێتی پەسند كردووە.

ھ.م