گەنجێكی كورد لە زیندان گیانی لەدەستدا

بەشداری لە خۆپێشاندانەكان كردبوو

K24 - ھەولێر

یەكێك لە گیراوانی كوردی خەڵكی شاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان كە لەكاتی خۆپێشاندانەكان دەستگیركرابوو لە زیندان گیانی لەدەستدا.

لیژنەی بە دواداچوونی دەستگیركراوانی خۆپێشاندانەكانی ئێران لە پێگە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردەوە: "سارۆ قەھرەمانی، خەڵكی شاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان، كە دوو ھەفتە لەمەوپێش لە درێژەی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران، لەلایەن ھێزەكانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر كرابوو و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترابووەوە، رۆژی شەممە تەرمەكەی رادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە".

 بەرپرسانی دادوەری ئێرانیش، لەبارەی ھۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو گەنجە كوردە، ھیچ روونكردنەوەیەكیان نەداوە.

سارۆ قەھرەمانی، تەمەن 24 ساڵ، پێشتر بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە یەكێك لە حیزبە کوردییەکانی رۆژھەڵات، دەستبەسەر و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەمە لە كاتێكدایە ھەفتەی رابردووش، 3 كەس لە گیراوانی خۆپیشاندانەكانیانی ئێران، لە زیندانی ئێڤین و ئەراك و دزفول، بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستدا و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش دەڵێن ئەو كەسانە لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.