تورکیا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیانی لە عێراق

لەسەر دۆخی ئێستای عێراق هاووڵاتیانی ئاگادار دەکاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

حکوومەتی تورکیا هاووڵاتیانی لە سەردانیکردنی عێراق ئاگادار دەکاتەوە و داواشیان لێدەکات سەردانی شوێنە گشتیەکان نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس، باردۆخی عێراق خراپ بووە و ئەگەری ئاڵۆزتربوونی زیاتری لێدەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داواشی لە هاووڵاتیانی کردووە ئەگەر پێویست نەبێت سەردانی عێراق نەکەن و هاوکات خۆشیان لە سەردانیکردنی شوێنە جەنجاڵەکان بپارێزن.

جیا لە تورکیا، پێشتر وڵاتانی ئەمەریکا، هۆڵەندا، ئوستراڵیا و کەندا هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتی و دیبلۆماتەکانیان لە عێراق.

کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ناسەقامگیریی عێراقی زیاتر کردووە و هاووڵاتیان ترسیان لە کاردانەوەی زیاتری نێوان ئەمەریکا و ئێران هەیە.

H.J