‎رونکردنەوەیەك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە

هەرکەس و لایەنێك نرخ لەسەر هاوڵاتییان زیاد بکات رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەكرێنه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌ت كرده‌وه‌، كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، گوایه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رانسه‌ری راده‌گه‌یه‌ندرێت و دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، مه‌به‌ست له‌و ده‌نگۆ و هه‌واڵانه‌ بۆ گرانكردنی نرخی كه‌لوپه‌ل و كاڵاكانه‌ له‌سه‌ر هاووڵاتیان.

ده‌قی رونكردنه‌وه‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر:

‎ماوەیەکە هەندێك کەس و لایەن، ئەو بارودۆخە نەخوازراوەییان قۆستووه‌ته‌وه‌، كه‌ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دووچاری هاتووین و دەیانەوێت لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی بێ بنەما سەبارەت بە قەدەغەی هاتووچۆی سه‌رانسه‌ری لە سنووری پارێزگای هەولێر، نرخی کەلوپەل، خۆراك و کاڵاکان لەسەر هاووڵاتیان زیاد بکەن.

‎هاووڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویست دڵنییادەکەینەوە، هیچ بڕیارێك لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆی سه‌رانسه‌ری لەسنووری پارێزگای هەولێر لەئارادا نییە و هەموو ئەو دەنگۆ و قسەو باسانەشی کە هەیە پڕوپاگەندەی خەڵکانێکە، كه‌ دەیانەوێت بەو هۆییەوە نرخی کەلوپەل، خۆراك و کاڵاکان لەمارکێت و بازاڕانەکان لەسەر هاوڵاتییان گران بکەن، وەکو پارێزگای هەولێر لەڕێگەی تیمەکانی چاوێری بازاڕه‌وه‌ زۆر بەوردی چاودێری و کۆنترۆڵی نرخی کەلوپەل، پێداویستی و خۆراکمان کردووە و هەرکەس و لایەنێك لە سنووری پارێزگای هەولێر نرخ لەسەر هاوڵاتییان زیاد بکات، رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی دەکەینەوە.

‎ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

13/6/2020

H.B